داواکاری گشتیی سلێمانی: هەر میدیایەک ڕووماڵی هەواڵی کوشتن بکات، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر دەگرینەبەر

فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی لە نووسراوێکدا داوا دەکات سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن (بینرا و بیستراوەکان) پابەند بکرێن، بۆ ئەوەی لە ڕووماڵکردنی هەر جۆرە هەواڵ و زانیارییەکی تایبەت بە ڕووداو و تاوانەکانی کوشتن خۆیان بەدوور بگرن، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
نووسراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، بە ژمارە (6/505) دەرچووە و کۆپییەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە و تێیدا هاتووە: ئاشکرایە زۆرێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، ڕووماڵی ڕووداو و تاوانی کوشتن دەکەن، لە کاتێکدا هێشتا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن.
ڕەخنەیەکی دیکەی سەرۆکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی لە میدیاکان ئەوەیە، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس و کاری کوژراوەکان دەکەن، ئەمەش جگە لەوەی بە تاوان هەژمار دەکرێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێت.
هەروەها داوا دەکات سەرجەم کەناڵەکان پابەند بکرێن تا خۆیان لە ڕووماڵکردنی ئەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرن، ئەگەر نا فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕێکاری یاسایی دژ بە هەر کەناڵ و میدیایەک دەگرێتەبەر.
ئەم نووسراوەی داواکاری گشتیی سلێمانی لە کاتێکدایە، دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 دەستپێشخەر و پێشەنگی میدیای کوردی بووە لەوەی نەبێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کە کاریگەری لەسەر تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵگە هەبێت.
