نوخشە ناسیح: دوای دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کۆمەڵێک شایستە کەسوکاری شەهیدان دەگرێتەوە

دوێنی سێشەممە، بەهۆی سەیرکردنی یاری نێوان عێراق و فەڵەستین، ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو نەبوو و کۆبوونەوەکە دواخرا، بۆیە بڕیارە ئەمشەو لەدانیشتنی پەرلەمان دەنگ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە پێش 16ـی ئادار بە شاندێک سەردانی بەغدامان کرد، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سەرۆک کۆمار و فراکسیۆنە کوردییەکانمان بینی، هەر لەوکاتەدا یاداشتێکمان دایە سەرۆکی پەرلەمان و بە ئەرێنی وەڵامی ئێمەیان دایەوە.

گوتیشی: پێێان گوتین بەزووترین کات بابەتی بە پاریزگابوونی هەڵەبجە دەخەنە بەرنامەی کارەوە، کە خۆشبەختانە دوێنی خرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، ئەمڕۆش چاوەڕێی ئەو موژدەیەین کە هەڵەبجە ببێتە 19هەمین پارێزگای عێراقی فیدراڵ، بۆیە پێمان وایە بوون بەپارێزگای هەڵەبجە بەشێک لە ئازارەکانی کەسوکاری شەهیدان کەمدەکاتەوە.  

باسی لەوەش کرد، هەڵەبجە زۆر چاوەڕوانی کرد، ئەتوانم بڵێم لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا لە دۆخێکی دەروونی جێگیر نەبوون، چونکە لە لایەک پاریزگا بووین، لەلایەکی دیکەشەوە پارێزگا نەبووین. بۆیە هیوادارین خەڵکی هەڵەبجە و شەهیدان لەو دڵە ڕاوکێیە ڕزگاری بێت.

نوخشە ناسیح ڕوونیشی کردەوە، کەیسی هەڵەبجە تەنیا کەیسی خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کەیسی هەموو عێراقە، چونکە کاتێک ڕژێمی سەدام هەڵەبجەی بۆمباران کرد، حکوومەتی عێراق تاکە کەیس بەکاری دەهێنا بۆ ئەوەی بڵێ سەدام دیکتاتۆرە هەڵەبجە بوو.

ڕاشیگەیاند، دوای دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایع، کۆمەڵێک شایستەی دیکە هەیە بەدەستمان دەگات، کە لەهەمووی گرنگتر شایستەکانی کەسوکاری شەهیدانە، کە پێویستە بەزووترین کات جێبەجی بکرێت.

دەشڵێت: تا ئیستا حکوومەتی عێراق کێشەی مووچە و بودجەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەگەر بودجەی بۆ هەرێم بناردبوایە، ئەوە حکوومەتی هەرێم پشکێکی بۆ هەڵەبجە تەرخان دەکرد، گوتیشی: لەسەر نەخشەی عێراق پارێزگای هەڵەبجە جیاکراوەتەوە و بەمەش لەڕووی نێودەوڵەتیەوە سوودی دەبێت، هەروەها کاریگەریشی لەسەر پاریزگاکە دەبێت. 

عەبدولحەمید، بەرپرسی لقی یەکێتی زانایان لە هەڵەبجە بە کوردستان24ـی گوت: بڕیارەکە بریارێکی مەوعنەویە بۆ خەڵکی هەڵەبجە، چونکە ئازار و نەهامەتی و ناڕەحەتی زۆریان چەشتووە، بۆیە لە هەموو ڕوێکەوە سوودی بۆ هەڵەبجە دەبێت، هیوادارین پرۆژ یاساکە تێپەڕێندرێت.

هاووڵاتیەکەی دیکە ڕایگەیاند، دەنگدان بە پارێزگای هەڵەبجە لەبەر پانتایی جوگرافی یان ژمارەی دانیشتووان نییە، بەڵکو لەبەر ئەو قوربانیدانەیە کە بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان داویەتی، کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس بوونە قوربانی و 10 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە تاوەکوو ئێستا کاریگەریی ئەو چەکە کۆکژە لە هەڵەبجە ماوە.

دەشڵێت: دەنگدان بە پارێزگای هەڵەبجە دڵی کەسوکاری شەهیدان ئاسودە دەکات، هەروەها لەڕووی ئیدارییەوە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، بۆیە هەموومان چاوەروانی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە دەکەین.

هاووڵاتیەکەی دیکە دەڵێت: چاوەڕێ بڕیاری پەرلەمانی عێراقی فیدراڵین، وەکو قەرەبووی مەعنەوی شەهیدانی هەڵەبجە، هەواڵی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەمان پێ ڕابگەیەنن، هەروەها لەڕووی ماددیشەوە بودجەیەکی تایبەتی دەوێت و وەکوو ئیدارەیەکی سەربەخۆ دەتوانین لە خمەتی شارەکەدابین.

دوێنی سێشەممە، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ چوارشەممە دواخرا، چونکە 129 ئەندام پەرلەمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

سیپان شێروانی ئاشکرای کرد، لە کافیتریای پەرلەمان شاشەی تەلەفزیۆنی گەورە داندرابوو، ئەندامانی پەرلەمان سەیری یاری عێراق و فەڵەستینیان دەکرد بۆیە نەهاتنە نێو کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

سیپان شێروانی گوتیشی: هێشتا عەقڵەتێک هەیە ئامادە نییە دەنگ بە قوربانی و هەزاران منداڵی کیمابارانکردنی هەڵەبجە بدەن بۆ ئەوەی  بکرێتە پارێزگا، دەشڵێت: لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو دەرکەوت، نزیکەی 100 پەرلەمانتار بندیوارن، لە زۆر حاڵەت لە 329 ئەندام پەرلەمان، ڕێژەی یاسایی ناگاتە 200 ئەندام پەرلەمان.

یەکەم جار نییە کە لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە ڕێژەی نایاسایی تەواو ناکەن، پارت و لایەن هەن داوای بە پارێزگابوونی قەزای دیکەی عێراقی دەکەن.