وەزارەتی دارایی: سبەینێ مووچەی مانگی ئادار دابەش دەکرێت

تەموویلی مووچەی مانگی ئادار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-03-2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، سبەینێ پێنجشەممە، 27-03-2025، دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی دوو تێبینیشی بڵاو کردووەتەوە:
1. ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچە وەردەگرن، ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
2. ئەو مووچەخۆرانەی بە شێوەی کاش مووچە وەردەگرن، دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا، ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.