کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان: هەرزانبوونی دەرمان بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان، لەسەر خاوەنی دەرمانخانەکانی سەروەران هاتە دەنگ و دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو هەمان دەرمانخانە بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی قاچاخ بۆ ماوەی هەشت مانگ داخرا.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە ڕاگەیانراوێکدا ڕایگەیاندووە "وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە (1)ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە ژمارە (16)ی ساڵی 2023، بڕیار درا بەدانانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دیاردەیە و پاراستنی کاریگەری و سەلامەتیی دەرمان لەسەر نەخۆش و وەرگرتنی ڕێککاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر ئەو سەرپێچیە."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە هەمان کاتدا، ساڵانی ڕابردوو هەمان دەرمانخانە بۆماوەی هەشت مانگ داخرا، بەهۆی سەرپێچی بوونی دەرمانی قاچاغ و نایاسایی و قەدەغەکراو و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کرایەوە و هەواڵەی دادگا کرا و تا ئێستاش  لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی لە دادگا بەردەوامە.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای نەمانی دەرمانی ساختە و قاچاخ و نافەرمی، پرۆسەی داشکاندن و دابەزاندنی نرخی سەرجەم دەرمان و بەرهەمە دەرمانسازییەکان، تێکڕا بەڕێژەی نێوان 17% تاوەکو 20% بەردەوامە، تەنیا لەساڵی 2024 بە بڕی نزیکەی 239 ملیار دیناری عێراقی جیاوازی هەرزانکردنی نرخ بەراورد بە پێشوو، بۆ بڕی هاوردەکراوی دەرمان لە هەرێمی کوردستان کراوە کە دەرەنجام بۆ گیرفانی هاوڵاتیان گەڕاوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە،  ڕێکاری یاسایی توند دەگرینەبەر بەرانبەر هەر شوێنێک کە دەرمانی نافەرمی یان گرانتر لە نرخی جێگیرکراو فرۆشتووه یان دەرمان بە نرخی گوماناوی و زۆر جیاواز لە نرخی ڕەسەنی سەرچاوەیی فرۆشتبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پێش کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، دڵنیا ببنەوە لە بوونی ستیکەری فەرمیی وەزارەتی تەندروستی و تێڕوانین لە جۆر و نرخ و کوالیتی بە خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی کۆدی دەرمانەکە و بەکارهێنانی ئامێرەکانی دژەساختەی بەردەست لە دەرمانخانەکاندا.