بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیریی توێژێك دەرچوو

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی بۆ سوودمەندانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، کە زیاتر لە دوو هەزار کەسن، لێی سوودمەند بووبوون.
چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی ماوە بۆ سوودمەندانی خاوەن پێدوایستیی تایبەت، کە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیریان وەرگرتووە.
دەرچوونی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیددی داوە، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەردەکەن و، بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت لەو کاتەی کە لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.
زیاتر لە دوو هەزارخاوەن پێداویستیی تایبەت سوودمەندی پێشینەکە بوون، هەر سەرۆک خێزانێک بڕی پێنج ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە.
