دوای جەژن گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی دەچنە قۆناغی یەکلاکەرەوە

دوای جەژنی ڕەمەزان، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، دەچنە قۆناغی یەکلاکەرەوە و پۆستە حکوومییەکان دابەش دەکرێن. 

پێنجشەممە، 27-03-2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای جەژنی ڕەمەزان، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە قۆناغێکی نوێ و یەکلاکەرەوەدا."

بە گوتەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24 "گفتوگۆکان لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتوودان و هەردوولا لەسەر زۆرینەی خاڵە ناکۆکەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. لە قۆناغی داهاتووی گفتوگۆکاندا، تاوتوێی دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکان دەکرێت."

باسی لەوەش کرد "پارتی و یەکێتی سوورن لەسەر ئەوەی لە زووترین کاتدا، پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات و کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێک بهێنرێت. چاوەڕێش دەکرێت، دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکوومییەکان دەکرێت، هەردوولا کاندیدانیان بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان دەکەن. جارێ دیار نییە هیچ وەزیر و بەرپرسێکی کابینەی نۆیەمی پارتی و یەکێتی لە کابینەی دەیەمیشدا بەشدار دەبێت یان نا."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 16-3-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

مەسرور بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "ئەمە دووەم جارە دوو کۆبوونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان کرد بۆ لێک نزیکبوون و تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی گرنگن ".

بافڵ تاڵەبانیش لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە دا، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "زۆر زۆر باش بوو. لە سەر چەند شتی ستراتیژی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت، ڕێککەوتین. گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن، ئامانجی هەردووکمان ئەوەیە بە زووترین کات حکوومەتێک بۆ خزمەتی گەلەکەمان پێک بهێنین".

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بە دەست هێنا.