جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی دەکات

جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، 5ـی نیسان سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانی دەکات.

‏‎پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "پیرۆزبایی لە هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین کە چەند ڕۆژێک پاش ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی کورد، کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەندازیاری بوو، دواتر ئەندازیاری گۆڕانکاری و دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بوو، پشت ئەستوور بە یارمەتی خوای گەورە و لێبڕاویی گۆڕانخوازان، هەڵسوڕاوان و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتیی لە (بەرەی دەستوور) حەق بەسەر باتڵدا زاڵ بو و تاجی سەرکەوتنی کردە سەری."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە‏ "‎وەفادار بە بەڵێنمان کە هەموو ڕێگەیەکی یاسایی، سیاسی و ڕێکخراوەی بگرینەبەر دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستووری ناوخۆی گۆڕان لە شەش مانگی ڕابردوودا بە هەوڵێکی بێوچان موئامەرەی کودەتاچییەکان هەڵوەشایەوە."

ڕاشیگەیاند "‏‎بە هەمووان ڕادەگەیەنین بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشت بە بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 10ی بەیانی، سێیەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی لە مەکۆی سەرەکیی لە گردی زەرگەتە لە شاری سلێمانی دەکات. بڕیاری کۆمسیۆن پاش هەنگاوە یاسایی و ڕێکخراوەییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دێت."

هەروەها ‏‎لەم ڕێگەیەوە سەرجەم گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی ڕاستەقینە کە پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و کەلەپووری نەوشیروان مستەفا و دەستووری ناوخۆوە ئامادەکاری تەواو بکەن و هەموو ئەندامانی دەستەی گشتیی (الهیئة العامة) بانگهێشت دەکەین بۆ بەشداریی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ڕۆژی دیاریکراودا ئامادەبن.
 

‏‎