ڕانیە.. بە درێژایی ئەم مانگە لە یەکێک لە مزگەوتەکان خوانی ئێوارە بۆ 600 کەس ئامادە دەکرێت

لە مزگەوتی ناجیەخان لە ڕانیە بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، خوانی ئێوارە بۆ 600 کەس ئامادە دەکرێت و ڕۆژانە ژمارەیەک ئاژەڵ سەردەبڕێت.
پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، لە شارۆچکەی ڕانیە بە درێژایی مانگی ڕەمەزان لەلایەن خێرخوازانەوە خوانی ئێوارە بەدەست و بازووی ژمارەیەک کابان بۆ 600 کەس دروست دەکرێت.
سەرباز محەممەد پێشنوێژی مزگەوتی ناجیەخان لە ڕانیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی 10ساڵە بە درێژایی مانگی ڕەمەزان خێرخوازن بەردەوام لەم مزگەوتە خواردن بۆ موسڵمانان ئامادە دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە شیلان حەمەد، یەکێک لەو کابانانە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: رۆژانە لە کاتژمێر 8:30 بەیانییەوە دەست پێدەکەین، بە ئاگری دار خواردنەکە ئامادە دەکەین، ڕۆژانە ژمارەیەک ئاژەڵ سەردەبڕن بۆ کاتژمێری چواری ئێوارە خواردنەکە تەواو دەبێت.
ئامادەکردنی خوانی ئێوارە لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ ڕۆژووانان کولتوورێکی لەمێژینەی هەیە و لە مانگی ڕەمەزاندا هەمووان لە مزگەوت بەیەکەوە لەسەر سفرە کۆدەبنەوە.