سبەینێ مووچەخۆرانی ژمارەیەک وەزارەت کورتەنامەی 'هەژماری من'ـیان پێدەگات

مووچەخۆرانی ژمارەیەک وەزارەتی دیکە کە تۆمارکراون لە پرۆژەی هەژماری من، سبەینێ کورتەنامەی پێدەگات و مووچە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان.
پێنجشەممە 27ـی ئاداری 2025، پرۆژەی هەژماری من، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ ڕۆژی هەینی، مووچەخۆرانی تۆمارکراو لە هەژماری من سەر بەم فەرمانگە و یەکە ژمێریاریانەی وەزارەت و فەرمانگانەی خوارەوە کورتەنامەیان پێدەگات و دەتوانن مووچەکانیان ڕابکێشن.
ڕۆژی چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە مووچە وەردەگرن، ڕاستەوخۆ پارە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێنەوە.
سەبارەت بەو مووچەخۆرانەی کە بە کاش مووچە وەردەگرن، وەزارەتی دارایی، دەڵێت: دوای گواستنەوەی پارە بۆ بانکەکان لە کەمترین ماوەدا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.
هەر هەمان ڕۆژ، وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاو کردەوە، کە پێی لیستەکە پێنجشەممە (27ـی ئادار) دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و ڕۆژی شەممەش، 29ـی ئەم مانگە، کۆتایی بە دابەشکردنی دێت.

































