لە تورکیا خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت

ئەمڕۆ هەینی، 28ـی ئاداری 2025، ئاژانسێکی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاشکرایکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنقەرە ڕۆژی ڕابردوو کە 22 کەس دەستبەسەرکرابوون، 3 کەس لەوانە دەستگیرکران و ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەگوێرەی هەواڵەکە، یەکێک لە دەستگیرکراوان مەرت ئۆرهان عومەربەیئۆغڵو، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەم پارتییە لە چانکایای ئەنقەرە، 19 کەسەکەی دیکەش بە مەرجی یاسایی ئازادکراون.
لەلایەکی دیکەوە بەدواداچوون و پەوەراوی لێکۆڵینەوەی 30 قوتابییەکەی دیکەی زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە 26ـی ئادار دەستگیرکرابوون، بەردەوامە. لە تورکیا بەهۆی دەستگیرکران و دوورخرانەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ لە پۆستەکەی، خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 1800 کەس تا ئێستا دەستگیرکراون.
هەینی 21ـی ئاداری 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا "جەهەپە"، لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد، دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، لە گەشت شار و شارۆچکەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن.
بە پێی ئاژانسی فرانس پرێس، ئێستا لانیکەم 10 هەزار هاووڵاتی ئامادەکارییان بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان کرد و بەرەو بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی ئیستانبوڵ بەڕێکەوتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی هاووڵاتییان لە هەردوو پارێزگای ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانی بەرفراوانیان کرد، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ، بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، هێزێکی ئەمنیی تورکیا هەڵیکوتایه سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و دەستگیریان کرد.
دەستگیرکردنیشی کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە، هاووڵاتییان بۆ پشتگیریکردن لە ئیمامئۆغڵو ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندانێکی بەرفراوانیان کرد.
پێنجشهممه، 20ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو له تۆڕی (ئێكس) داوای له هاووڵاتییانی توركیا كرد، بێدهنگ نهبن و له دژی ئهو "شهڕ"ـهی له توركیا ههیه، دهنگ ههڵبڕن. گوتووشیهتی، پرسی دهستگیركردنهكهی پرسێكی به تهنیا پارتهكهی نییه، بهڵكوو پهیوهندیی به ههموو نهتهوهی توركیاوه ههیه.