تەندروستیی دهۆک: منداڵێک گڵۆپێکی بچووکی قووتدابوو و بە نەشتەرگەریی دەرهێنرا

منداڵێک گڵۆپێکی بچووکی قووتدابوو و بە نەشتەرگەریی دەرهێنرا
منداڵێک گڵۆپێکی بچووکی قووتدابوو و بە نەشتەرگەریی دەرهێنرا

تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند، ژیانی منداڵێکی تەمەن یەک ساڵانیان ڕزگار کردووە کە گلۆپێکی بچووکی قووتدابوو. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک بــڵاوی کردووەتەوە، درەنگانی شەوی هەیینی، 28-03-2025، لە نەخۆشخانەی "هیڤی" نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ منداڵێک کرا کە گڵۆپێکی بچووکی قووتدابوو و توانرا ژیانی لە مردن ڕزگار بکرێت. 

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، منداڵەکە ناوی "یوسف نیهاد شینۆ"ـیە و دانیشتووی گوندی "کێلەبی" سنووری قەزای ئاکرێیە. 

 

ساتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆ منداڵە تەمەن یەک ساڵەکە

 

باس لەوەش کراوە، دوای ئەوەی منداڵەکە گڵۆپەکەی قووتداوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ کراوە و دواتر دەستبەجێ لەوێوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "هێڤیی منداڵان"ـی شاری دهۆک کراوە. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە داوە، پێش ئەوەی منداڵەکە بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی هێڤی، ستافی نەخۆشخانەکە هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆ منداڵە تەمەن یەک ساڵەکە کردبوو، بۆیە کە گەیشت دەستبەجێ نەشتەرگەریی بۆ کرا و توانرا ژیانی لە مردن ڕزگار بکرێت. 

 

گڵۆپە بچووکەکە دوای دەرهێنانی لە گەرووی منداڵەکە