کارکردن لە پێنج پرۆژەی هەولێر دەستی پێ کردووەتەوە

لە ساڵی 2012ـەوە کارکردن لە ژمارەیک پرۆژە لە هەولێر ڕاگیرابوو، بەڵام لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارکردن لە ژمارەیەک لەو پرۆژانە دەستیان پێ کردووەتەوە.

یەکێک لەو پرۆژانە "سڵاڤا سیتی"ـیە کە پێشتر ناوی "وەرین سیتی" بوو و نزیکەی 700 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەند زۆنێکی پرۆژەکە تەواوو بوون و خاوەنەکانیان کلیلیان وەرگرتووە، بڕیاریشە بۆ جەژنی قوربان پرۆژەکە تەواو بکرێت.

سامان عارەب، بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە پارێزگای ھەولێر، پێنج پرۆژە کارەکانیان ڕاگیرابوو، چواریان کارکردن تێیدا دەستی پێ کردوەتەوە، کە بەشێکیان کارەکانیان تەواو بوو و ئومێد دەکەین لە کۆتایی ئەم ساڵ ڕادەستی خاونەکەیان بکەینەوە." گوتیشی: "دەشتی بەھەشت یەکێکە لەو پرۆژانەی لەم نزیکانە کارکردن تێیدا دەست پێ دەکاتەوە، ڕەزامەندی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە کە پرۆژەکە بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە، لەو بارەیەوەش لیژنەیەک پێک هێنراوە."

هەروەها ئاسۆ عەبدوڵڵا، ئەندازیاری سڵاڤا ستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان کارەکانیان ڕاگیرابوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم، لەسەر ڕاسپاردەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارکردن لەو پرۆژانە دەستی پێ کردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە ماوەی کابینەی نۆییەم زیاتر لە 10 پرۆژەی نیشتەجێبوونی پەکخراوە، دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە، کە بەشێکیان کارەکانیان تەواو بووە.