نەبەز ئیسماعیل: لە دیاریکردنی ڕۆژی جەژن بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە پشتیان بە کوردستان بەست

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "جەژن لە هەرێمی کوردستان یەک جەژنە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کە ڕایگەیاندووە، دەبێت ئەو بڕا عەرەبانەی کە لێرەن بە شیعە و سوننەوە لەگەڵ ئێمە جەژن بکەن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئاداری 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە بە پێی بنەما شەڕعییەکان بڕیاری جەژنمان داوە، یەکێکیش لە بنەما شەڕعییەکان بینی مانگە.
ئە گوتەبێژە دەڵێت: ئێمە لیژنەی لاوەکی و لیژنە فەرعیمان هەیە، دوای ئەوەی بە وردی چاودێری بینی مانگیان کرد بڕیاری جەژن درا، دەتوانم بڵێم زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەش بەشێکیان پشتیان بە ئێمە بەست لە ڕاگەیاندنی جەژن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان، ژینگەی پاکە و شوێنی بەرزە و چیاکانی بەرزە دەتوانرێت بە ئاسانی مانگی تێیدا ببینرێت.
دەشڵێت: دوای ئەوەی لیژنەی بینی مانگ گەیشتە ئەو بڕوایەی کە مانگ بینراوە یەکسەر جەژنی ڕاگەیاند.
نەبەز ئیسماعیل ڕاشیگەیاند "جەژن لە هەرێمی کوردستان یەک جەژنە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کە ڕایگەیاندووە، دەبێت ئەو بڕا عەرەبانەی کە لێرەن بە شیعە و سوننەوە لەگەڵ ئێمە جەژن بکەن لێرە یەک جەژن هەیە."