نه‌ریتی سعوودییه‌كان له‌ جەژنی ڕه‌مه‌زاندا

جەژن بۆ سعوودییەکان بۆنەیەکی تایبەتە، هەرچەندە ئەم جه‌ژنه‌ لەگەڵ تێکەڵبوونی ئەو وڵاتە بەچەند کرانەوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی پابه‌ندیی داب و نەریتە کۆمەڵاتییەکانی خۆیانن.

جەژنی ڕەمەزان و قوربان لە سعوودیە، جگە لە دوو جه‌ژنی ئایینی موسڵمانان، هاوكات تایبەتمەندی خۆی هەیە لە دابونەریتی کۆمەڵایەتیی و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بە بایەخەوە تێی دەڕوانن و گرنگی پێ دەدەن.

جەژن لە سعوودیە چۆن دەکرێت؟

دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە خواردنی نانی بەیانی و پیرۆزبایی کردن لەیەکتر دەست پێدەکات.

بەشێک لە هاووڵاتییانی سعوودیە لە چۆلەوانییەک چادر هەڵدەدەن وەک نەریتێکی باب و باپیرانیان و لەوێ ژەمی بەیانیان دەخورێت و کەیفخۆشی خۆیان دەگەڕێن، جگە لە شیرینی، خواردنی قاوە و خورما تایبەتمەندی خۆی هەیە.

ئافرەتانی ماڵەوە زیاد لە چەند جۆرێک خواردن ئامادە دەکەن، بەڵام گرنگترینیان خواردنی نانی بەیانی جەژنە، کە سعوودیەکان هەرگیز دەستبەردای نابن و بەشێکی زۆرییان حەز دەکەن نانی بەیانی" دابیزە" بخۆن كه‌ خواردنێکی شیرینی کۆنی حیجازییە و بۆ نانی بەیانی جەژن پێشکەش دەکرێت. ئه‌م خواردنه‌ لە گوێز و ئاوی قەیسی وشککراوە دروست دەکرێت،  بەخشینی جەژنانە بە منداڵان نەریتێکی دیکەی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیە و منداڵان جگە لە کۆکردنەوەی شیرینی جەژنانەی تایبەتی خۆیان وەردەگرن.

پیاوە بە تەمەنەکان، وەکوو جاران بەیەکەوە ماڵ بە ماڵ و دەگەڕێن و لەلای یەکتر کۆ دەبنەوە و سڵاو و باوەشی جەژن بەیەکتریدا دەکەن، قاوە و خورما لەپێشینەی هەمووشتێکە بۆ میوانان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment