بە بڕیاری مەسرور بارزانی بە بڕی 50 ملیار دینار پرۆژە لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن

مەسرور بارزانی سەردانی زاخۆ دەکات

K24 - زاخۆ

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی زاخۆی کرد و بڕیاری دا چەند پرۆژەیەک لەو قەزایە و ناحییەکانی جێبەجێ بکرێن، کە سەرجەمیان داخوازیی خەڵکن.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە زاخۆوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئاشکرای کرد: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی زاخۆی کرد و بڕیاری دا بەبڕی 50 ملیار دینار پرۆژەی لە زاخۆ ئەنجامبدرێن".

ماوەیەک پێش ئێستا، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنووری قەزای زاخۆ لەگەڵ قایمقامی زاخۆ لێکۆڵینەوەیەکیان لەبارەی ئەو پرۆژانە کردووە کە پێویستن و گرێدراوی ژیانی خەڵکن. یەکێک لەو پرۆژانە، تەواوکردنی شەقامی نێوان زاخۆ و گومرگی ئیبراهیم خەلیلە... پرۆژەیەکی دیکەش تایبەتە بە پرۆژەی ئاوی باتیفا و هەموو گوندەکانی دەوروبەری، کە ئەمەش بۆ ماوەیەکی دورودرێژ کێشەی پێویستیی خەڵکی ناوچەکە بۆ ئاو چارەسەر دەکات.

عەلی تەتەر هەروەها گوتی "مەسروور بارزانی رەزامەندی لەسەر هەموو پرۆژەکان دا، هەروەها رەزامەندی نیشاندا ئەو پرۆژە درێژخایەنانەی لەبەردەستن، بەردەوام بن".

زاخۆ، دووەم گەورەترین قەزای سنووری پارێزگای دهۆکە و "چوارەم گەورە شاری" کوردستانە.

سەردانکردنی زاخۆ و بڕیاردان لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە لەکاتێکدایە دوێنێ (دووشەممە، 20-7-2020) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دەڤەری پیشەسازیی خۆراکی لە دهۆک دانا، کە گەورەترین پرۆژەی ستراتیژییە لە سنووری پارێزگای دهۆک و دەبێتە گەورەترین دەڤەری پیشەسازیی خۆراک لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

هەروەها لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا، دوو پرۆژەی دیکەی ستراتیژیی گەورە کە پێکهاتوون لە پرۆژەکانی: شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پرۆژەی وێستگەی 300 مێگاواتی کارەبای هەڵمی خەبات لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە لە هەولێر و سلێمانی بەردی بناغەیان دانراوە، یان بەگەڕخراون.