کۆرۆنا لە بۆلیڤیا کارەساتی دروستکردووە و تەرم لەسەر شەقامەکان کەوتوون

لەماوەی تەنیا پێنج رۆژدا 400 تەرم هەڵگیراونەتەوە

K24 - هەولێر

لەماوەی تەنیا پێنج رۆژدا 400 تەرم لەسەر شەقامەکان و نێو ماڵەکانی بۆلیڤیا هەڵگیراونەتەوە، کە رێژەی 85٪ـیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیسی بۆلیڤیا رۆژی سێشەممە (21-7-2020) ئامارێکی مەترسیداری ئاشکراکرد، رایگەیاند: "لەنێوان 15 بۆ 20ـی تەممووز، 400 تەرممان لە سەرانسەری وڵات هەڵگرتووەتەوە".

بەپێی روونکردنەوەکەی ئێڤان رۆیاس، بەڕێوەبەری نیشتمانیی هێزەکانی پۆلیسی بۆلیڤیا: 191 تەرم لە شاری کۆچابامبا لە ناوەڕاستی وڵات هەڵگیراونەتەوە، 141 تەرمی دیکە لە شاری لاپاز و 68ـیش لە سانتا کروز، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و 61 هەزار کەس لێی تووشی کۆرۆنا بوون".

هەروەها 11 تەرم لە پۆتۆسی، (باشووری رۆژئاوای وڵات) هەڵگیراونەتەوە، نۆ تەرمیش لە شۆیۆیساکا، بەگشتی 85٪ـی تەرمەکان ئی ئەو کەسانە بوون، کە نیشانەی کۆرۆنایان هەبووە.

بەپێی نووسینگەی تایبەت بە ئامارەکانی پەتای کۆرۆنا لە بۆلیڤیا، ئێستا پەتاکە بەخێراییەکی زۆر لە لاپاز و کۆچابامبا بڵاودەبێتەوە.

بۆلیڤیا 11 ملیۆن دانیشتووی هەیە و لەوەتەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناش تاوەکو ئێستا، 2200 کەس بەهۆی پەتاکەوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.