دانیشووانی گوندێکی کۆیە هەموو ساڵێک لە ڕۆژێکدا 10کاتژمێر بە پیادە دەگەڕێنەوە گوندەکەیان

دانیشووانی گوندێکی کۆیە وەک نەریتیک هەموو ساڵێک لەڕۆژێکدا بە پیادە دەچنەوە گوندەکەیان کە 35کیلۆمەتر ڕێگا دەبڕن.
هەینی، 4ـی نیسانی 2025، دانیشتووانی گوندی بۆگدی سنووری کۆیە لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە بە پیادە دەڕۆن بۆ ماوەیی نزیکەی 10کاتژمێر، کە 35کیلۆمەتر دەکات لە کۆیەوە بۆ ناو گوندەکەیان.
دانیشووانەکان ئێستا هەر یەکەیان لە شوێنێکی جیاواز نیشتەجێن و دەیانەوێت ئەم چاڵاکییە وەرزشییە وەک دەرفەتێکی کۆمەڵایەتیی ببینن.
نەبەز خالید، سەرپەرشتیاری گەشتەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکەم جار لە ساڵی 2006وە لەگەڵ چەند هاورێیەک دەستمان پێکرد، باوەڕمان نەبوو بەم شێوەیە فراوان بێت و بەشدارببن، بەڵام دواتر هاووڵاتییانی زیاتر هاتن و ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لەگەڵ مان بەشدارن.
هاوشانی پیاوان ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان بەشدارن لەو گەشتە و دلخۆشن، شۆخان جەلال، خەڵکی گوندی بۆگد بە کوردستان24ـی گوت:" ڕێژەیەکی باشی ئافرەتان بەشدارن و توانایەکی باشیان هەیە و ئێمەش وەک ڕێبەر لەگەڵیانین و هاوکاریان دەکەین".
کەریم عوسمان، یەکێکە لە بەشداربووەکان و تەمەنی 70ساڵە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەم چاڵاکییە جگەلەوەی وەرزشە، نەریتێکی کۆنی باب و باپیرانی ئێمەیە کە پێشووتر بەدرێژایی ئەم ڕێگایە بە پیادە هاتوچۆیان دەکرد.
بیستەمین گەشتی گەڕانەوە بە پیادە لە کۆیەوە بۆ بوگد، مۆرکێکی تایبەتی وەرزشی و کۆمەڵایەتیی وەرگرتووە و ئەو کەسانەی بەشداربوون پێویست بوو چەند مەرجێکیان هەبێت: دەبێت هاووڵاتی گوندی بۆگد بێت و ئاوی خواردنەوە و ژەمی نیوەڕۆ و چەند مەرجی دیکەی تێدابێت.