ناتانیاهۆ و ترەمپ شەڕی غەززە و دۆسیەی ئێران تاوتوێ دەکەن
بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، لەسەرووی هەمووانەوە ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمەریکا دەکات.
پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکایی ئاشکرای کردووە، ڕۆژی دووشەممە، 07-04-2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی هـــــەمان سەرچاوە، تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی ناتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، ئەمە لەگەڵ پرسی شەڕی غەززە و دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو کەرتە.
ئەو پێگە ئەمەریکییە باسی لەوەش کردووە، ناتانیاهۆ دەیەوێت لەبارەی چۆنییەتی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ڕێک بکەوێت لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان.
ئەمە دووەم سەردانی ناتانیاهۆیە بۆ ئەمەریکا لەوەتەی ترەمپ بووەتەوە سەرۆک. سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم سەردانی واشنتنی کردبوو.
ڕۆژی 19-01-2025، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا چووە واری جێبەجێ کردنەوە و ڕۆژی 01-03-2025ـیش کۆتایی هات.
ناوەڕاستی ئاداری ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کردەوە. ناتانیاهۆ دووپاتی کردووەتەوە، ئامانجی هێرشەکان، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و لەناوبردنی یەکجارەکی حەماسە.