پۆلیسی هەولێر باندێکی فێڵباز و تەڵەکەباز ئاشکرا دەکات

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، باندێکیان دەستگیرکردووە، نووسینگەیەکی وەهمی وەرگرتنی ڤیزایان داناوە و فێڵیان لە خەڵکی کردووە بەناوی وەرگرتنی ڤیزای دەرەوەی وڵات و پارەی زۆریان لێیان وەرگرتووە.

یەکشەممە 6ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بڵاوی کردەوە، باندێکی چەند کەسیان دەستگیر کردووە، بەتۆمەتی فێڵکردن لە چەندین هاووڵاتی لە ڕێگای دانانی نووسینگەی وەرگرتنی ڤیزا و گەشتوگوزاری وەهمی و ئەکاونتێکی (تیکتۆک)ی وەهمی بەناوەکانی (سۆناس تراڤل) و (ئەترەس تراڤل) لە شاری دهۆک کە گوایە ڤیزای دەرەوەی وڵات بۆ هاووڵاتیان وەردەگرن.

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای دەکات،  دوای ئەوەی هاووڵاتیان پەیوەندییان پێوە کردوون، چەند جارێک ئەو هاووڵاتیانانەیان لە نزیکەوە بینیوە و پێکەوە مامەڵەیان کردووە، بەڵگەنامە فەرمییەکانیشیان لێ وەرگرتوون، دوایین جاریش ئەو تۆمەتبارانە داوایان کردووە کەوا پارەکانیان بخەنە سەر هەژماری بانکی (FIB)، پاشان لە ڕێگای ئەو ژمارە بانکییەوە هەژمارەکانیان سفر دەکردەوە و کۆی پارەکانیان دەخستە سەر هەژماری خۆیان و دواتریش تەلەفۆنەکانیان دادەخست.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو باندە کە بەم شێوەیە فێڵیان لە چەندین هاووڵاتی کردووە، خەڵکی شاری دهۆکن، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment