کونسوڵی گشتیی چین: کارگەیەکی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە کوردستان دەکەینەوە
چین و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا فراوانتر دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە کارگەیەکی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و سەرۆکوەزیرانیش لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا ئامادە دەبێت.
ژانگ جیانشین، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین بە وەکالەت لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندیی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان چین و هەرێمی کوردستاندا زۆر بەهێزە.
هەروەها باسی لەوە کرد، بڕیارە کارگەیەکی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا دەکات.
لەبارەی پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا، کونسوڵی گشتیی چین ئەوەی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان هاوشێوەی چین خاوەنی شارستانیەتێکی کۆنە و کولتوورێکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە.
کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین هیوای خواست، لە داهاتوودا وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە بواری کولتووری و پاراستنی مێژووشدا زیاتر پێکەوە کار بکەن.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری میللیی چین پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە.
چین یەکێکە لە گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان ساڵانە روو لە بەرزبوونەوەیە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری بۆ کۆمپانیا بیانییەکان کردووە تاوەکو وەبەرهێنان لە ناوخۆدا بکەن. لەم ماوەیەشدا چەندین کۆمپانیای چینی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی و کارگەی گەورەی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان.
ئەم پرۆژانە سەرباری ئەوەی سەدان هەلی کار بۆ گەنجان و شارەزایانی ناوخۆ دەڕەخسێنن، دەبنە هۆی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چین بۆ هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی تەواوکراو لە دەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی گرنگی پیشەسازی لە ناوچەکەدا.