پەیجی فەیسبووکی کوردستان24 بووە ملیاری
پەیجی فەیسبووکی کوردستان24 ژمارەی بینینی گەیشتە ملیارێک و 5ملیۆن و 552 هەزار و 929، بەرپرسی بەبازاڕکردنیش دەڵێت: لەماوەیەکی کورت ئەو ژمارەیە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.
ژیر زیاد، بەرپرسی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵ میدیای کوردستان24 ئاشکرای کرد، پەیجی کوردستان24 لەماوەیەکی کەمدا، ژمارەی بینەرانی گەیشتووەتە ملیارێک و 5ملیۆن و 552 هەزار و 929 ، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ نمایشکردنی ئافرەت و نمایشکردنی ڕووداوی نەخوازراوی ناو کۆمەڵگە ببات کە هەندێ هەن دەیکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو بینەرانەی ئێستا کوردستان24 هەیەتی، بەڵام کوردستان24 پەیوەست بووە بە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی کە لەسەری دامەزراوە.
بەرپرسی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵ میدیای کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی کوردستان24 گەیاندنی ڕاستی و جوانییەکانی کوردستانە، خستنەڕووی کێشەکانی خەڵکە بە چارەسەریەوە، ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوەی بینەرێکی زۆر لە فەیسبووکی کوردستان24 بڕوانن، ئەوەش دەستپێکە و ژمارەی بینەرانی پەیجی فەیسبووکی کوردستان24 بەرزتر دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24 ڕایسپاردوون هەموو بابەتێک لە سۆشیال میدیا بڵاونەکەنەوە بۆ کۆکردنەوەی ڤیو.
لەبارەی ڕێزبەندییەکانیش، ژیر دەڵێت: ئەوانەی لەبارەی ڕێزبەندییەکانەوە هەندێ لایەن بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستی، هیچ دەزگایەکی میدیایی زۆر باش دیاری ناخات چەند ڤیوی هەیە، بۆیە ئەوانەی باسی ڕێزبەندی دەکەن ڕاست ناکەن، تەنها ئەوانەی ئادمینی پەیجەکانن دەزانن چەند ڤیویان هەیە.
دەشڵێت: بۆ پەیجێکی هەواڵ زۆر گرنگە ڤیوی هێندە بەرز بێت کە هەواڵی هەمەڕەنگ بڵاوناکاتەوە.
ژیر ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەی پاشیڤی کوردستان24 کە لەمانگی ڕەمەزان پێشکەشکرا 35 ملیۆن ڤیوی هەبوو، بەشێوازی کوردەواری زانیاری ئاینی دەگەیاند، بیرۆکەی بەرنامەی پاشیڤ لە بیرۆکەی کوردستان24 بوو، بەرنامەی نوژینیش کە لەمانگی ڕەمەزان پێشکەشکرا 15 ملیۆن جار بابەتەکانی لە سۆشیال میدیا بینرا، بابەتی پەیامنێرەکانیش بینەری ملیۆنی هەبووە، لەگەڵ بەرنامەکان.
بەرپرسی بەبازاڕکردنی دیجیتاڵ میدیای کوردستان24 ڕایگەیاند، لە مانگی 9ـی ساڵی ڕابردوو تاکو ئێستا، 800 هەزار فۆلۆوەرزی پەیجی کوردستان24 زیادی کردووە، لە 4.1 ملیۆن بووەتە 4.9 ملیۆن فۆلۆوەرز، دەڵێت: ئەوە پازدانێکی گەورە بوو، زۆرمان نەماوە بگەینە 5 ملیۆن فۆلۆوەرز.