وێنەی قوربانییەکی کۆرۆنا "دەتباتە جیهانێکی دیکە"

بەرپرسی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ وێنەگرتن: وێنەکە وات لێدەکات لێی وردبییەوە و هەست بە تۆقین بکەی

K24 - هەولێر

کەسێک، بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە ئەندۆنیزیا گیانی لەدەستداوە، وێنەی تەرمەکەی وەک ئەوەیە "لە سەردەمی فیرعەونەکان کۆچی دوایی کردبێت، یان لە جیهانێکی دیکەوە خەریک بن مەراسیمی ناشتنی بۆ سازبکەن".

ئەو وێنەیە لەلایەن جۆشوا ئێرواندی، فۆتۆگرافەری ئەندۆنیزی گیراوە و بڵاوکراوەتەوە. فۆتۆگرافەرەکە دەڵێ "وێنەگرتنی قوربانییانی کۆرۆنا لە هەموو ئەو ئەرکانە ترسناکتر و ناخۆشتر بوو، کە لەماوەی فۆتۆگرافەریم پێمسپێردراوە".

ئەوەی فۆتۆگرافەرە ئەندۆنیزییەکەی زۆر تووشی خەمباری کردووە، وەکو خۆی باسی دەکات "وا بیر دەکەمەوە ئەوەی بەسەر ئەو کەسانەدا هاتووە کە وێنەم گرتوون، دەکرێت بەسەر ئەوانەشدا بێت کە خۆشمدەوێن، بەسەر ئەوانەدا بێت کە هەموومان خۆشمان دەوێن"، ئەو قسەیەش لەگەڵ ئەو وێنەیەدا لە زۆربەی میدیا جیهانییەکان بڵاوکراوەتەوە.

بڕیارە ئەو وێنەیە لەگەڵ کۆمەڵێک وێنەی دیکە، کە هەمان فۆتۆگرافەر گرتوونی، لە ژمارەی مانگی ئابی گۆڤاری نێوداری جیهانی ناشناڵ جیوگرافیک بڵاوبکرێتەوە. زۆربەی وێنەکان ئەوە نیشاندەدەن، کۆرۆنا چی بەسەر ئەندۆنیزیادا هێناوە

وێنەکە تەنیا لە ئینستاگرام سەدان هەزار کۆمێنتی بۆ هاتووە، بەڵام هەموو ئەوانەی کۆمێنتیان بۆ نووسیوە، بەلایانەوە جوان و مایەی تێڕامان نییە، هەندێکیشیان باس لەوە دەکەن، کۆرۆنا ئەوەندە ترسناک نییە، بەڵکو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی خەڵکی لێ تۆقاندووە.

جۆشوا ئێرواندی دەڵێ بەهۆی ئەو وێنەیەوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە فرێد ریچین، بەرپرسی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ وێنەگرتن لە ئەمەریکا، پاڵپشتیی لە جۆشوا کرد و گوتی "لەو وێنەیەدا کەسێک دەردەکەوێت کە مۆمیاکراوە، وات لێدەکات لێی وردبییەوە، هەست بە تۆقین بکەی، لەهەمان کاتدا بۆشاییەک هەیە".

ریچن هەروەها دەڵێ "بەلای منەوە وێنەکە ئەوە نیشاندەدات، کەسێک کە بە کۆرۆنا مردووە، لە نایلۆن پێچراوە و ماددەی پاکژکەرەوەی پێداکراوە... وەک ئەوەیە مۆمیاکرابێت، شتێکی نامرۆڤانەیە. خەڵک وازیان لە خۆشەویستانیان هێناوە، لەوانەی بە ڤایرۆسەکە مردوون".

جۆشوا ئێرواندی، فۆتۆگرافەری ئەندۆنیزی
جۆشوا ئێرواندی، فۆتۆگرافەری ئەندۆنیزی
Fly Erbil Advertisment