بە بەشداریی هەرێمی کوردستان لووتكه‌ی وەبەرهێنانی ئه‌بوزه‌بی بەڕێوە دەچێت

14ـەمین خولی لووتكه‌ی وەبەرهێنانی ئه‌بوزه‌بی ده‌ست پێ ده‌كات و نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌شدار دەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 07-04-2025، لە ئه‌بوزه‌بی، پایتەختی ئیمارات 14ـەمین خولی لووتکەی وەبەرهێنان لە ژێر ناونیشانی "نەخشەڕێگای داهاتووی وەبەرهێنانی جیهانی، ئاراستەی نوێی دیمەنی وەبەرهێنانی جیهانی، بەرەو سیستەمێکی جیهانیی هاوسەنگ" ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات.

 بڕیاره،‌ لووتکەکە تا 09ـی ئه‌م مانگه‌ بەردەوام دەبێت و چەندان سەرۆکی وڵات و زیاتر لە 60 وەزیر و پارێزگاری بانکی ناوەندی و 30 سەرۆکی شارەوانیی شارەکان و 1250 پانێڵیست بەشدار دەبن.

له‌ لووتکەكه‌دا، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە 180 وڵاتی جیهانەوە ئامادە دەبن. هەروەها  شاندێكی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لووتکەکەدا بەشدار دەبێت كه‌ پێك هاتووە له‌ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و چه‌ندین وەبەرهێنەر و بازرگان.