وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی فەیسبوک

بنکەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چاودێریی لینکی ئەلیکترۆنی دەکات کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'فەیسبووک' بڵاوکراوەتەوە و ئاراستەی ئەو بەکارهێنەرانە دەکرێت کە ئارەزووی چالاککردنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی بانکە عێراقییەکان لە پرۆگرامی 'واتسئاپ' بۆ پەیوەندیی بە کڕیاران.
دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، بنکەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە" ئەو لینکە ساختەکارییە ئامانجی کۆکردنەوەی داتای هاووڵاتیانە بەنایاسایی، بۆیە داوا لەهاووڵاتیان دەکەین وریای خۆیان بن و پەیوەندییان پێوە نەکەن."
لە ئاگادارییەکەدا، ناوی لاپەڕە ساختەکە خراوەتە ڕوو کە ناوی "خزمەتگوزاری کڕیارانی CBI "یە و داوا لە بەکارهێنەران دەکات، ئەو لینکە نەناسراوە یان گوماناوییە نەکەنەوە، بۆیە هۆشداری دەدەینە بەکارهێنەران بەر لەوەی لینکەکە بکەنەوە سایتی VirusTotal بەکار بهێنن تاوەکوو ڕاستیەکەیان بۆ دەرکەوێت، هەروەها جەختیشی کردەوە، پێویستە هاووڵاتیان زانیارییە بانکییە کەسییەکان یان ئۆنلاینەکان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هیچ لایەنێکی نەناسراودا بەش نەکەن.