سەرۆک بارزانی ئەو کتێبەی دۆزییەوە کە ساڵانێک بوو بەدوایدا دەگەڕا
سەرۆک بارزانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب ژمارەیەک کتێبی هەڵگرت، یەکێک لەوان، لە مێژە بەدوایدا دەگەڕا.
چوارشەممە، 09-04-2025، سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە دروشمی "جیهان بە کوردی دەدوێت" کردەوە. دواتر بەشە جیاوازەکانی پێشانگەکەی بەسەر کردەوە و ژمارەیەک کتێبی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، هەڵگرت.
موخڵیس یونس، خاوەنی یەکێک لەو کتێبخانانەی سەرۆک بارزانی سەردانی کرد، بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرۆک بارزانی شەش کتێبی جۆراوجۆری لە کتێبخانەکەمی هەڵگرت، بەشێکیان خۆی داوای کردن، بەشێکی دیکەشیان خۆم پێدان. یەکێکیان بۆ ئەو زۆر تایبەت بوو و گوتی، لە مێژە بەدوایدا دەگەڕێم."
بە گوتەی ئەو نووسەرە "وەرزی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم مودەریس" یەکەمین کتێب بووە کە سەرۆک بارزانی هەڵی گرتووە و وەکوو خۆی گوتی "سەرۆک بارزانی ڕێز و پێزانینێکی زۆری بۆ ئەم مامۆستایە هەیە و لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی مێژووی کوردە."
خاوەنی ئەو کتێبخانەیە باسی لەوەش کرد، کتێبی "الضحايا الثلاث" یەکێک بوو لەو کتێبانەی بە سەرۆک بارزانی داوە، ئەویش سوپاسی کردووە و پێی گوتووە: "زۆر لەمێژە بەدوای ئەم کتێبەدا دەگەڕێم". ئاماژەی بەوەش دا، کتێبەکە باس لە ژیاننامەی عەبدولسەلام بارزانی، شێخ سەعیدی بەرزنجی و شێخ زاری زەوبەعی دەکات.
بەشێکی دیکەی ئەو کتێبانەی سەرۆک بارزانی هەڵی گرتوون:
1. كتب منظومة آيات القتال في القرآن الكريم وتطبيقاتها المعاصرة
2. لە وڵاتی کوردان گەڕان بە دوای کەشتیی نووح
3. کورد لە سەردەمی پێغەمبەردا