هێمن میرانی: لە دوو مانگی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر ماتۆڕی کارەبایی بۆ دلیڤەری لە هەرێمی کوردستان دەکەونە کار

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت: هەر کۆمپانیایەکی گواستنەوەی خواردن تا شەش مانگی دیکە ماتۆڕی کارەبایی بەکار نەهێنیت، دەست بەسەر ماتۆڕەکانیدا دەگیرێت.
چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، د.هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوێنی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ کۆبووینەوە داوای پۆڵینکردنی ئەو کەسانەمان کردووە کە ماتۆڕ بەکار دەهێنن.
گوتیشی: هەر ماتۆڕێکی دلیڤەری لە کامێرای تیژڕەوی بدات، لۆگۆی کامە کۆمپانیای لەسەر بێت ناوی تۆمار دەکرێت؛ ئەو ماتۆڕانەی بێسەرەتان، یان بە قاچاغ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان و تۆمار نەکراون شەش مانگ مۆڵەتمان پێیان داوە، لەدوای ئەو وادەیە لە هەرشوێنێک بکەوێتە نێو مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ یەکسەر دەستی بەسەردا دەگیرێت.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ گومرگی هەرێم ڕێککەوتووین هەر ماتۆڕێک گونجاو نەبێت، ڕێگە نادەین بهێنرێتە نێو خاکی هەرێم و هەر دوکانێکیش ماتۆڕی پارچەکراو بفرۆشێت سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئاماژەی بەوەش کرد "داوامان لە کۆمپانیاکان کردووە ماتۆڕی کارەبایی بهێننە هەرێم؛ پێشبێنی دەکەین لە دوو مانگی داهاتوو ژمارەیەکی زۆری ماتۆڕی کارەبایی بۆ دلیڤەری بگەیەنرێنە هەرێمی کوردستان، چونکە دەبێت لە ماوەی شەش مانگ دا سەرجەم کۆمپانیاکانی تایبەت بە گواستنەوە، ماتۆڕی کارەبایی بەکار بهێنن."
هێمن میرانی، دەشڵێت: پەیوەندییەکی زۆرمان پێوە دەکرێت دەربارەی ئەو ماتۆڕانەی دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment