ئاکرێ.. ڕۆژانە دەیان سەر ئاژەڵ بەهۆی نەخۆشییەکی نادیارەوە مردار دەبنەوە

دوو هەفتەیە، ڕۆژانە، دەیان سەر ئاژەڵ لە سنووری قەزای ئاکرێ بەهۆی نەخۆشییەکی نادیارەوە مردار دەبنەوە. 

فەتاح ناڤخۆش، ئاژەڵدارێکی گوندی خەردەسە لە سنووری قەزای ئاکرێ و بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە 150 مەڕ و بزنمان بەهۆی نەخۆشییەکەوە مردار بوونەتەوە کە ڕۆژانە دەکاتە زیاتر لە 20 سەر ئاژەڵ. هاوکات سەدان مەڕ و بزنی هاووڵاتییانی دیکەی گوندەکەمان هەر بەو هۆیەوە مردار بوونەتەوە."

وەکوو ئەوەی ئەو ئاژەڵدارە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا "ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە شوانم. بە ژیانم نەخۆشی بەم شێوەیەم نەبینیوە، باب و باپیرانیشمان دەڵێن، نەیانبینیوە. زیانێکی زۆری پێ گەیاندووین. داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوکاریمان بکات و چارەیەک بۆ ئەم نەخۆشییە بدۆزێتەوە، چونکە زۆر زیانی پێ گەیاندووین و بژێویمان لەسەر ئەم کارەیە." 

عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێرتەرنەریی قەزای ئاکرێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای بەدواداچوونی مەیدانیمان بۆمان دەرکەوت، ئەو ئاژەڵدارانە، پێشتر ئاژەڵەکانیان ڤاکسین نەکردبوو، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکە بە خێرایی لەنێوانیاندا بڵاو ببێتەوە. ئێستە هەندێک ڕێکارمان بۆ ڕێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گرتووەتەبەر."

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ،  زیاتر لە 650 هەزار مەڕ، بزن، مانگا و گۆلک لە سنووری قەزاکە هەن.