دەرمانی قڕکەر بەسەر هەشت هەزار جووتیاری سنووری هەولێر دابەش دەکرێت

پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ماددەی قڕکەر بەسەر جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکات، ژمارەی ئەو جووتیارانەی ماددەی قڕکەریان بەسەردا دابەش دەکرێت بریتین لە هەشت هەزار جووتیار.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەودۆخە ئابوورییە هەستیارەدا، جووتیارانی فەرامۆش نەکردووە، هەروەها بودجەیەکی بۆ برا جووتیارەکان تەرخان کردووە، تاوەکو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت."

گوتیشی: "بە پێویستمان زانی پێش هاتنی هەر ئافاتێک، دەرمانی قڕکەر بەسەر جووتیاران دابەش بکەین، بۆ ئەوەی لەکاتی سەرهەڵدانی هەر ئافاتیک لەناو کێڵگە سەوزە و میوەکان بتوانن بەرهەماکانیان بپارێزن."

هێمن سەید موراد ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە لەچەند ساڵی ڕابردوودا، بەرهەمەکانمان ڕۆژ بەڕۆژ لە پێداویستیی ناوخۆمان زیاتر دەبێت،  ئەمەش پێویستی بە دەرفەتی بەبازاڕکردن هەیە، دەرفەتی بەبازاڕکردنیش دەکەوێتە سەر ئاستی کوالێتی، هەروەها جووتیارەکانیش ئەو بەرهەمانەی بەرهەمی دەهێنن، لەئاستێکی بەرزدایە، بۆیە دەبێت پشتیوانییان بکرێت، تاوەکوو بەرهەمەکانیان کەم نەبنەوە، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو قڕکەرانە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەین."

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕاشیگەیاند "دەرمانەکەمان دابەشی سەر هەموو بەش و بەڕێوەبەرایەتی و سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کردووە، کە مەخمور و دیبەگە و گوێڕ، تاوەکوو هەریر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەموو ئەو شوێنانەی دەکەونە سنوورەکەمان."

دەشڵێت: "ئەو دەرمانەی دابین کراوە دەمانەوێت بە دادپەروەریی دابەشی سەر هەموو ئەو جووتیارانە بکەین کە بەرهەمی سەوزە و میوەیان هەیە، هاوکات دەرمان و قڕکەر بۆ ئەو جووتیارانەش دابین کراوە کە بەرهەمی دانەوێڵەیان هەیە، لەهەر حاڵەتێکدا پشکنین بۆ کێڵگەکانیان دەکەین و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین."

سەبارە بە چارەکردنی ئەو کێڵگە سەوزانەی بە ئاوی پیس ئاو دەدران، هێمن سەید موراد گوتی: "توانیمان ڕووبەری زیاتر لە دووهەزار دۆنم پاک بکەینەوە، بەردەوامیش بەدواداچوون دەکەین، لەهەمان کاتدا پێویستمان بە زانیاری هاووڵاتیان هەیە."

 
Fly Erbil Advertisment