بەم مەرجە سزای ئەوانە هەڵدەگیرێت کە بە ناچاری خۆیان لە کامێرا داوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەو هاووڵاتییانەی ناچار بوون خۆیان لە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی بدەن، بەڵگەنامەی پێویست بخەنە ڕوو، سزای سەریان هەڵدەگیرێت.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 18:00ـی کوردستان24 بوو کە ڕۆژی چوارشەممە، 09-04-2025، لەلایەن کۆڤان عیززەتەوە پێشکەش کرا.
یەکێک لەو تەوەرانەی لە گەشتە هەواڵییەکەدا تاوتوێ کرا، ڕێکخستنی سیستەمی هاتوچۆ و کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بوو؛ لەوبارەوە کۆڤان چەند پرسیارێکی لە هێمن میرانی کرد.
- کۆڤان عیززەت: زۆر جار تەلەفۆنم بۆ دێت، هاووڵاتییان دەڵێن، کاتێک ڕێگەمان بۆ ئەمبۆلانس یان ئۆتۆمبێلێکی بەرگریی شارستانی کردووەتەوە، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی سزای داوین. خۆم، لەبارەی ئەم بابەتە پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێرەوە کرد، بەڵام وەڵامی گونجاوم دەست نەکەوت، دەمەوێت بەڕێزتان وردەکاریی زیاترم بۆ باس بکەن؟
- هێمن میرانی: زۆر حاڵەتی دیکەمان هەبووە. بۆ نموونە، هاووڵاتییەک کاتژمێر 02:00 بۆ 03:00ـی بەرەبەیان نەخۆشێک لە ماڵەکەیاندا هەبووە، لەبەر ئەوەی حاڵەتەکە لەناکاو بووە، چاوەڕێی ئەمبۆلانسی نەکردووە و ناچار بووە، بەپەلە خۆی نەخۆشەکە بۆ نەخۆشخانە بگوازێتەوە، لە ئەنجامدا خۆی لە چەندان کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی داوە. بەیانییەکەی، چووەتە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، ڕاپۆرتی پزیشکی و بەڵگەنامەی پێویستی خستووەتە ڕوو، بەڕێوەبەرایەتییەکەش هەموو ئەو سزا داراییانەی لەسەری تۆمار کرابوون لە کاتی گواستنەوەی نەخۆش، سڕیوەتەوە.
هەر هاووڵاتییەک لە کاتی ڕێگەکردنەوە بۆ ئۆتۆمبێلێکی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی فریاکەوتن یان ئەمبۆلانس، ڕووبەڕووی سزای کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بووەوە، با نووسراوی فەرمی بکات و بەڵگەنامە بخاتە ڕوو، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆش سزاکەی هەڵدەگرێت.