ڕوبیۆ: هیوادارین دانووستانی واشنتن و تاران ئاشتی لێ بکەوێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: شەممەی داهاتوو واشنتن و تاران لە عومان دانووستانی ڕاستەوخۆ دەکەن و هیوادارین دانووستانی نێوانیان ئاشتی لێ بکەوێتەوە.
پێنجشەممە 10ـی نیسانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: شەممەی داهاتوو شاندی باڵای ئەمەریکا و ئێران لە عومان دانووستانی ڕاستەوخۆ دەکەن.
هاوکات هیوادارە دانووستانی نێوان هەردوو وڵات ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی. گوتیشی: دەمانەوێت ڕێگریی لە ئێران بکەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لە کاتێکدا ئەمەریکا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە دانووستانەکان لەگەڵ تاران ڕاستەوخۆ دەبێت، بەڵام ئێرانیش جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانووستانەکان دەبێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت.
هەوڵەکان بۆ چارەکردنی ناکۆکیی لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە درێژەی هەیە و تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان و جیهان دەزانن.
ترەمپ، لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی خۆیدا لە ساڵی 2017 لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ـی نێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهان کشایەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئێران، بە مێدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە "ترەمپ خوازیاری ڕێککەوتنێکی نوێیە، ئەویش کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ڕاگرتنی چالاکییە مووشەکییەکانیەتی، ئەمانەش شتگەلێکن کە تاران قبووڵی ناکات و کەس ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە."
هەروەها ئێران هۆشدارییەکانی ترەمپی سەبارەت بە کردەوەی سەربازی ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "هەڕەشەکان نایترسێنێت."