کاروان میراودەلی: 59 تیم لە ئاوی ڕێزان بەدوای ئاڤێستا یوسفدا دەگەڕێن

بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و بەدواگەڕان بۆ دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستا یوسف لە ئاوی ڕووباری ڕێزان لە دەڤەری بارزان زیادکراون، میراودەلی دەڵێت: 59 تیمی مەلەوان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر و سۆران و زاخۆ دەستیان بە بەدواگەڕان کردووە و فڕۆکەش لە پرۆسەکەش بەکاردێت.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیمەکان بە چڕی لە ناوچەکە و سەر ئاوی ڕێزان لە دەڤەری بارزان جێگیر کراون و بەدوای دۆزینەوەی مامۆستا ئاڤێستا یوسفن.

میراودەلی گوتی: لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەگری شارستانی هەولێر لە دیوی بێخمەوە تاکوو خەبات 35 تیمی بەدواگەڕان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی زیادکراون، دەشڵێت: ڕۆژانە 24 تیم بەدوای ئاڤێستا دەگەڕێن، ئاشکراشیکرد: ئەمڕۆ تیمی بەرگریی شارستانی و تیمەکانی مەلەوانی زاخۆش هاتوونەتە ناوچەکە بۆ هاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران.

کاروان میراودەلی گوتی: دەمانەوێت پرۆسەکە خێراتر بکەین، بەڵام کەشوهەوا هاوکارمان نییە، قوڕ و لیتەیەکی زۆر لە ئاوەکە هەیە، خەڵکی ناوچەکە هاوکاریمان دەکات و سوپاسیان دەکەین، هێزی مرۆییمان ئیستا زۆرە و کەرەستەکانمان هەمووی لەبەردەستە، گوتیشی: بە فڕۆکە و دوور بین و بەلەم بەدوای ئاڤێستا دەگەڕێین، سەلامەتی کارمەندەکان بۆ ئێمە گرنگە لە پرۆسەی گەڕانەکەدا.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕۆژی یەکەمی ڕووداوەکە جارێک ئاڤێستا لە ئاوەکە بە دڵنیایی بەدووری 1600 مەتر بینراوە، دەڵێت: لەنزیک پردی ئالکانەوە گۆمێک هەیە، چووینە نێو گۆمەکەوە بۆ دڵنیابوون، ئاوەکە زۆر شتی پێیدا دەڕوات، بە لاشەی ئاژەڵی مرداربووەوە، لەبەر ئەوەی شەپۆلی ئاوەکە زۆرە، گومان دەکرێت دوێنێ تەنێک کە گومان دەکرێت تەرمی ئاڤێستا بێت، بەو ئاوەدا تێپەڕیووە، بەڵام ئێستا ئەو تەرمە لەو ناوچەیە نەماوە بەهۆی ڕۆیشتنی ئاوەکە، ئەگەر تەرمەکەش بێت، چونکە بە 5 تیمی مەلەوانی، بن بەرد و بن بەرد بەدوای ئاڤێستا گەڕاوین.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران گوتی: ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانیمان وەرگرتووە و تیمەکانمان زیاد کردووە، ئەمڕۆ 59 تیم لەکاردایە، 200 کارمەندی بەرگریی شارستانی و مەلەوان لە پرۆسەکە بەشدارن کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر و سۆران و زاخۆن.