ئیسرائیل ڕێگریی لە هەزاران مەسیحی کرد بچنە شاری قودس

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگرییان لە هەزاران هاووڵاتی مەسیحی فەڵەستینی کرد، بچنە شاری قودس بۆ بەشداریی لە جەژنی یەکشەممەی دارخورما.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین 'وەفا'، بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ کڵێسا مەسیحییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئاهەنگی یەکشەممەی دارخورما کە دوا یەکشەممەیە پێش هاتنی جەژنی هەستانەوە و "هاتنی حەزرەتی مەسیح بۆ شاری قودس" بەڕێوەی دەبەن.

هێزەکانی ئیسرائیل ڕێگرییان لە مەسیحییەکان کرد بچنە ناوشاری قودس، بۆ ئەوەی مەراسیمی یەکشەممەی دارخورما لە کڵێسای قیامە بکەنەوە.

هێزەکانی ئیسرائیل ڕێوشوێنی توندی سەربازییان لە بازگەکانی دەوروبەری قودس گرتووەتە بەر.

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل داوا لە فەڵەستینییەکان دەکەن، چ موسڵمان و چ مەسیحی، مۆڵەتی تایبەت وەربگرن بۆئەوەی خاڵە سەربازییەکانی دەوروبەری شاری قودس ببڕن و بچنە ناو پەرستگەکان وەک مزگەوتی ئەقسا و کڵێسەی قیامە.

ڕێوشوێنەکانی دەرهێنانی مۆڵەتەکەش بۆ چوونە ناو شاری قودس دەبێت هاووڵاتیان کارتێک وەربگرن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە دەرچووە، دوای ئەوە پشکنینی ئەمنی بۆ داواکارەکە ئەنجام دەدەن، پاشان هاووڵاتیان ناچارن ئەپێکی تایبەت لەسەر مۆبایلەکانیان دابەزێنن و داوای مۆڵەت بکەن، کە زۆرجار ڕەت دەکرێتەوە.

جێگری سەرۆکی گشتیی پاراستنی خاکی پیرۆز، ئیبراهیم فلتس گوتی، "ئیسرائیل تەنیا شەش هەزار مۆڵەتی بۆ مەسیحییە فەڵەستینییەکان لە پارێزگاکانی کەرتی ڕۆژئاوا دەرکردووە، هەرچەندە ژمارەی مەسیحییەکانی ئەو پارێزگایانە بە 50 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، ژمارەیەکی کەمی مەسیحییەکان بەشداریی لە هەفتەی پیرۆز و نوێژی جەژنی هەستانەوە لە قودس دەکەن بەهۆی کاردانەوەی شەڕەکەوە" 

هەروەها نوێژی یەکشەممەی دارخورما لە هەموو کڵێسا مەسیحییەکانی پارێزگاکانی قودس، ئەریحا، ڕامەڵلا، نابلس و جەنین بەڕێوە چوو.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment