عەلی دۆلەمەری: لە پێشانگەی کتێبی فەرەنسا پێشوازیی زۆر لە کتێبەکانی بەشی کوردستان کرا

عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەماوەی سێ ڕۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە پاریس، پێشوازیی زۆر لە کتێبەکانی بەشی کوردستان لەو پێشانگایەدا کرا.

ڕۆژی 11ـی نیسانی 2025،  لە کۆشکی گەورە لە پاریس، پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کتێب لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرایەوە، هەرێمی کوردستانیش لەنێو پێشانگەکەدا لەتەک وڵاتانی جیهان، شوێنی تایبەت بەخۆی هەبوو کە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس، بەهەماهەنگی حکوومەتی فەرەنسا دابینی کردبوو.

د.عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە  ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بۆ یەکەمجارە هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بەشداریی پێشانگایەکی وەها فراوان و گەورە بکات کە تا ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک کەس سەردانی کردووە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاشکرای کرد، لە بەشی کوردستانی پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی پاریس، کتێبە مێژوویی، سیاسیی و هونەری و وەرزشییەکان، شیعر و ڕۆمان و وتار بە زمانی کوردی و ئینگلیزی و فەرەنسی نمایشکراون، خەڵکێکی زۆریش سەردانی بەشی کوردستانی پێشانگەکەی کردووە و ژمارەیەکی زۆری کتێبیش فرۆشراون.

عەلی دۆلەمەری گوتی: خەڵکێکی زۆری فەرەنسا پێیان خۆشبوو، شتی زیاتر دەربارەی کورد بزانن، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان سەردانی بەشی کوردستانیان کرد.

Fly Erbil Advertisment