بەرگریی شارستانیی سۆران: ئاگرەکەی چۆمان کۆنترۆلکرا

ئاگرەکەی شارۆچکەی چۆمان کۆنترۆڵ نەکراوە و بەرگریی شارستانیی سۆرانیش دەڵێت: کۆگایەکی کەلوپەلی ئەلیکترۆنیات ئاگری گرتووە.
یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئاگادار کراینەتەوە ئاگرێک لە کۆگایەکی کەلوپەلی ئەلیکترۆنیات لە شارۆچکەی چۆمانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتووهتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتیشی: ئاگرەکە گەورەیە و تاوەکوو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە، تیمەکانی چۆمان، ڕواند، دیانا، تیمەکانی ئێمەش بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لە ڕێگاین بۆ هاوکاریکردنی تیمەکان و کۆنترۆڵکردنی.
ڕەوەند هاودیانی باسی لەوەش کرد، هیچ زانیارییهک نییە لەبارەی زیانهكانی ئاگرەکە، بەڵام مەترسی هەیە، چونکە نزیکە لە ماڵی هاووڵاتییان.
چۆمان یەکێکە لە شارۆچکەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 180 کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر.
نوێکردنەوە
کاتژمێر 11:00، کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوای 58 خولەک توانرا ئاگرەکە کۆنترۆل بکرێت و 18 تیم کاریان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە دا کرد، زەر و زیانی زۆری ماددی هەبوو، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبوو، مەترسی بۆ سەر شەش ماڵی هاووڵاتییان هەبوو، توانرا بەخێرایی ماڵەکان چۆڵ بکرێت و ئاگرەکە پەرەنەسێنێت.