ناوەرۆکی کۆبوونەوەی قاهیرە تایبەت بە ئاگربەستی غەززە ئاشکرا دەکرێت
دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو سەرچاوەی فەڵەستینی و میسری ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەی هەیانە، ئەم جارە شاندی حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەيه، سەرکردەی حەماس لە کەرتی غەززە لە دوایین کۆبوونەوەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی دیل و زیندانییەکان لە قاهیرە نەرمییان نیشان داوە.
هەروەها ئاماژەشیان داوە، حەماس ڕژدە لەسەر هەر ئاگربەستێک و به پێویستی دهزانێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، ئەگەر ئاگربەست درێژ بکرێتەوە، ڕەنگە حەماس ئامادە بێت بارمتەی زیاتر ئازاد بکات لە بەرانبەر ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان.
ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی میسری ڕاگەیاندووە، بە گوێرەی دوایین پێشنیازی ئاگربەستی غەززە، حەماس ژمارەیەکی زۆری بارمتهكانی ئیسرائیل ئازاد دەکات.
هەروەها ئاماژەشی داوە حەماس داوای کاتێکی زیاتری کردووە بۆ وەڵامدانەوەی دوایین پێشنیازیی ئاگربەست. گوتیشی: حەماس هیچ کێشەیەکی لەگەڵ خودی پێشنیازەکەدا نییە، بەڵام دڵنیایی دەوێت کە ئیسرائیل پابەند دەبێت بە دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، دانوستانێک کە کۆتایی به شەڕەکە بهێنێت.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای حەماس ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێشنیازی ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوی 45 ڕۆژی کردووە لەگەڵ ئازادکردنی نیوەی دیلەکان.
ئەو بەرپرسەی حەماس گوتیشی: پێشنیازەکەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی غەززە هێڵی سوورە و جێگای قبووڵ نییە.
پێشتر زیڤ ئێلکین، وەزیر له حكوومهتی ئیسرائیل دووپاتی کردبووەوه ئیسرائیل داوای ئازادکردنی 10 بارمتە دەکات، کە پێشتر حەماس ڕەزامەندی لەسەر ئازادکردنی پێنج بارمتە دابوو.
ئیسرائیل مانگی ڕابردوو دوای شکستهێنانی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە دەستی پێکردەوە و ڕایگەیاندبوو، تا ئەوکاتەی حەماس بە تەواوی لەناو دەچێت، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکان. لای خۆشیەوە بزووتنەوەی حەماس هەر پێشنیازێکی ڕەت کردووەتەوە کە داوا لە چەکداماڵینی بکات.