کارمەندانی گرێبەستی کارەبای کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد

کارمەندانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد و داوای بەهەمیشەییکردن دەکەن، هاوکات لە مانگی 12ـی پارەوە بڕیاری بەهەمیشەییکردنیان دراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، کە تەنیا لە کەرکووک 350 کارمەندی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتییەکە هەیە، لە عێراقیش ژمارەیان حەوت هەزار کارمەند دەبێت.

ئەو کارمەندانە ماوەی 15 ڕۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە، دەشڵێن بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردن تاوەکوو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، یەکێک لە کارمەندە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە لە 2023ەوە زیاد کراینە ناو بودجەی عێراق، لەبارەوە محەممەد شیاع سوودانیش پیرۆزبایی لێمان کردووە کە بە هەمیشەیی کراوین، بەڵام تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."

ئاماژەی بەوەش دا، کێشەکە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە کە دەڵێت، فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر وڵات، هەر خۆشی دەڵێت: با وەزارەتی کارەبا ئەرکەکە لە ئەستۆ بگرێت. بۆیە ئێمە جگە لەبایکۆتکردنی دەوام و گردبوونەوەی ناڕەزایی، سکاڵایەکیشمان بۆ دادگا بەرزکردووەتەوە کە داوادەکەین تەیف سامی یاسایەکمان بۆ دەر بکات بۆ ئەوەی بچینە سەر میلاکی هەمیشەیی.

خۆپیشاندەرێکی دیکە گوتی: ئێمە ستەممان لێ کراوە، چونکە لە ساڵی 2023ەوە بەپێی نووسراوی وەزارەتیی کارەبا لە گرێبەستەوە کراوین بە هەمیشەیی، بەڵام کە سەیرمان کرد سەرۆک وەزیران باسی دەستکەوتەکانی خۆی کرد و باسی ئەو گرێبەستانەشی کرد کە کردوویەتی بە هەمیشەیی، ناوی ئێمە تێدا نەبووە. کە خراوینەتە سەر بودجە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاو کرایەوە، کە 7093 کارمەندین لە عێراق، لەکەرکووکیش 353 کارمەندین.