لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەیەک پرۆژە چوونە واری جێبەجێکردنەوە
لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەیک پرۆژەی تایبەت بە نوژەنکردنەوە و دروستکردنی ڕێگا و قوتابخانە و شوێنە گەشتییارەکان و پەروەردەییەکان چوونە واری جێبەجێکردنەوە.
سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، پاڕێزگای دهۆک ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە پرۆژە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان لە هەموو قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، بە گوژمەی 16 ملیار و 28 ملیۆن دینار، ژمارەیک پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کرد.
ئاماژەی بەوەش دا، پرۆژەکان لە بوارەکانی دروستکردنی ڕێگا و نوژەنکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە، هۆڵی وەرزشی، کەرتەکانی گەشتیاری، پەروەردە، وەرزش، ئاو و ئاوەڕۆ بووە.
باسی لەوەش کردووە، لە قەزاکانی ئامێدی و شێخان و سێمێلێ پرۆژەکان چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە گوژمەی 2 ملیار و 839 ملیۆن دینار ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بە چاکردنەوەی ڕێگا و بان، ئاو وئاوەڕۆ، کارەبا، کاروباری ئاینی لە ژمارەیک ناوچە و گوند و ناحیەی هەردووک قەزای شێخان و ئامێدی جێبەجێ کرد.
هەروەها بەگوێرەی ڕاگەیندراوی پارێزگای دهۆک، پێشتر لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەکان جێبەجێ کراون.