سبەینێ پشووی فەرمییە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ، چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ساڵنامەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا سبەینێ چوارشەممە پشووی فەرمی دەبێت و پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 دەوامی فەرمیی دەست پێ دەکاتەوە.
ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییان بە هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی بە جلوبەرگی ڕەسەن، لە پەرستگەی لالش کۆدەبنەوە و جەژنی ساڵی نوێ و جەژنی چارشەما سۆر دەگێڕن، دەمەو ئێوارەش بە نزا و داگیرساندنی چراکانیان لالش ڕووناک دەکەنەوە.
جیا لە هاووڵاتییانی ئێزدی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەورووپا و وڵاتانی دیکەش بۆ بەشداریی لەم جەژنە سەردانی هەرێمی کوردستان و پەرستگەی لالش دەکەن.