241 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕانەوە

سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، 241 خێزانی چەکدارانی داعشی عێراقی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکەی سووریا جێهێشت و بەرەو خاکی عێراق بە ڕێ کەوتن.
شوکری حەجی، بەرپرسی نووسینگەی دەرچوون لە کەمپی هۆل بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە ئەمە 25هەمین کاروانی گەڕانەوەی خێزانیە عێراقییەکان بۆ وڵاتەکەیان"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەی ئەم کاروانە 241 خێزانە، کە لە 865 کەس پێکهاتوون."
حەجی, ڕوونیشی کردەوە، ئەمساڵ کار بۆ چۆڵکردنی ئەو خێزانە عێراقیانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە دەکەن، هەروەها هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراقیش لەوبارەوە بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 20 پاسی عێراقی گەیشتنە پارێزگای حەسەکە، گەڕانەوەی ئەوانە لە کەمپی 'هۆل'ەوە بۆ عێراق، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری یەعروبیەوە دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە.
زرێپۆشەکانی ئەمەریکا یاوەری پاسەکانیان دەکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی هاوپەیمانان بووە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنیان بە سەلامەتی بۆ ناو خاکی عێراق.
لە کۆتایی مانگی ئاداردا 186 خێزانی عێراقی کە لە 681 کەس پێک هاتبوون، لە کەمپی 'هۆل'ەوە گەڕانەوە عێراق.