قوتابیان زۆرترین سەردانیکاری پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبن لە هەولێر

قوتابییان کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی سەردانی بکەن و ڕۆژانەش ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییان سەردانی دەکەن.
سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، عەدەویە عەبدولغفار، یەکێک لەو مامۆستایانەیە سەرپەرشتی قوتابییەکانی قوتابخانەکەی دەکرد کە سەردانی پێشانگاکەیان کردبوو، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی پێشانگەی کتێب، بەنۆرە گەشتی زانستی بە قوتابیانی قوتابخانەکەمان دەکەین و دەیان هێنینە پێشانگەی کتێب و تەنیا دوێنی 150قوتابییمان هێناوە.
ئەو مامۆستایە گوتیشی: جگەلە کڕینی کتێب، چەندین بڕگەی دیکە لەنێو پێشانگەکە بۆ قوتابیان درەخسێنین، بەتایبەتیش هەوڵدەدەین وابکەین ئەو نووسەرانە ببینن کە پێشتر خوازیاربوون بیانبینن.
باسی لەوەش کرد، چەند قوتابییەک بەشداری پانێلەکانیان کردووە، ئەمەش پاڵنەرێکی باشە بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی قوتابییەکان.
ڕۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی 17مین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە و تاوەکوو رۆژی شەممە 19ـی نیسانی 2025، بەردەوامی دەبێت.
17مین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتیب ڕۆژانە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکوو هەشتی ئێوارە کراوەیە، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 350 ناوەندی چاپ بڵاوکردنەوە لە 22 وڵات بەشداریان تێدا کردووە و زیاتر لە ملیۆنێک ناونیشانی کتێبی تێدایە.



