وەزیری پەروەردە: زیاتر لە 53 هەزار دابڕاومان گەڕاندووەتەوە بەرخوێندن
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی پڕۆژەی ئەمساڵی گەڕاندنەوەی دابڕاوانی لە خوێندن بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونسێفی راگەیاند و ئاشکرایکرد، تەنیا لەم هەڵمەتەدا 11 هەزار و 356 کەس گەڕێندراونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە روونیکردەوە، پڕۆژەکە لە 4ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە و تا 17ـی تشرینی دووەم بەردەوام بووە. حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی شەش ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمدا 42 هەزار و 107 دابڕاوی دیکە بۆ خوێندن گەڕێندرابوونەوە و بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا گەڕێندراونەتەوە، گەیشتووەتە 53 هەزار و 463 کەس.
سەبارەت بە شێوازی کارکردن، وەزیری پەروەردە روونیکردەوە پێشتر مامەڵەکردن لەگەڵ دابڕاوان بە شێوەی تاک و هەڕەمەکی بووە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی وەک یونسێف، یونسکۆ، سەیڤ زە چێڵدرن، منداڵپارێزی کوردستان و ئینتەرسۆس، پڕۆسەیەکی سیستەماتیکی دامەزراندووە. سەرجەم داتاکان بە شێوەیەکی شەفاف لەسەر وێبسایتی (Back to Learning) تۆمار کراون و ناوەندەکانی خوێندن ئێستا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە گەڕانەوە و تۆمارکردنی دابڕاوان لە داتابەیسدا.
وەزیری پەروەردە لەبارەی جۆری گەڕانەوەکانەوە باسی لەوە کرد کە لەنێو گەڕاوەکاندا کەسانێک هەن زیاتر لە 10 ساڵە وازیان لە خوێندن هێناوە. پڕۆسەکە بە دوو شێواز جێبەجێ دەکرێت؛ بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندنی ئاسایی و بەشەکەی دیکەشیان لە رێگەی خوێندنی نائاسایی وەک خوێندنی خێرا و ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن.
حەمە سەعید جەختی دەکاتەوە سەر گرنگیی کۆمەڵایەتیی ئەم هەنگاوە و دەڵێت: "ئەم ژمارانە تەنیا ژمارە نین لەسەر کاغەز، بەڵکو زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی هیوان بۆ هەزاران کەس و دوورخستنەوەیانە لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، چونکە دابڕان لە خوێندن زیانی گەورەی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە".
لە کۆتاییدا وەزیری پەروەردە دووپاتیکردەوە کە تەنیا راگەیاندنی گەڕانەوەی دابڕاوان بەس نییە. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە ئاگاداری ئەم گەڕاوانە بین تا جارێکی دیکە دانەبڕێنەوە، ئەمەش بە ئەرکی سەرەکیی ناوەندەکانی خوێندن و دەستە کارگێڕییەکانیان دادەنرێت.