ئەندازەی هاتوچۆ: ئەم ساڵ هێڵکاری بۆ زۆرترین شەقام دەکرێت

ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، نیازی وایە ئەمساڵ هێڵکاری بۆ زۆرترین شەقام بکات و لە چەند ڕۆژی داهاتووداش پڕۆسەکە دەست پێ دەکاتەوە.

سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێڵکاری شەقامەکان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دەست پێ دەکرێتەوە ، بەڵام پێویستی بەوەیە کەشوهەوا لەبار بێت، لە شارۆچکەی کەلار بەهۆی ئەوەی کەشوهەوا لەبار بوو، هێڵکاری بۆ شەقامێک کرا.

بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێم گوتیشی: لە چەند مانگی ڕابردوو لەگەڵ گشت بەڕێوەبەراتییەکان پلانێکی تۆکمە دانراوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆرترین کار لە زۆرترین شەقام دا بکەین.

دیلان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی کردوومانە هەفتانە 80 تۆن سبوغ بۆ بەڕێوەبەراتییەکان دابەش دەکرێت و هێڵکاری شەقامەکانی پێ دەکرێت.

لە دوو ساڵی ڕابردوودا، 609 کیلۆمەتر، لە تەواوی شەقامەکانی هەرێمی کوردستان هێڵکارییان بۆ کراوە، ئەمە جگە لەوەی  300 شوێنی پەڕینەوە دروست کراوە، بە تایبەت لە بەردەم قوتابخانەکان، بۆ سەلامەتی قوتابییان.

 
 
Fly Erbil Advertisment