سوودانی: عێراق پێویستی بە چاکسازیی بوێرانە و گشتگیر هەیە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی نۆیەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی – سلێمانی، لە گوتارێکدا باسی لە چەند پرسێکی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی کرد.
سوودانی لە سەرەتای گوتارەکەیدا گوتی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان کە نزیکەی ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت، هەموو کاتێک جەختمان لەوە کردووەتەوە، ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی فیدراڵی، خزمەتکردنی هاووڵاتییانی عێراقە لە هەموو شار و شارۆچکەکان بەبێ جیاوازی. لەو چوارچێوەیەدا کارمان بۆ پێگەیاندنی تواناکانی گەنجان کردووە و پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانیانمان کردووە. گەنجانمان، سامانی مرۆڤی و چەکی یەکەمی ئێمەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاییندە، بۆیە پێویستە زۆر بایەخیان پێ بدەین."
سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە "قبووڵکراو نییە ململانێی سیاسی تێکەڵاوی کار و چالاکییەکانی حکوومەتی فیدراڵی بکرێن، ڕاستییەکان بشێونرێن یان تەشهیر بەهیچ کەس و لایەنێک بکرێت. هاوکات ڕێگەپێدراو نییە سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک ببێتەوە، لە کاتێکدا هەندێکی لایەن هەوڵ دەدەن لەسەر ئەم بنەمایە، هەندێک دەستکەوتی سیاسی بە دەست بهێنن. لە ڕابردوودا، هەندێک نموونەی نابونیاتنەری لەم شێوەیەمان بینیوە. دووپاتی دەکەینەوە، ئامانجی سەرەکیی حکوومەتەکەمان، خزمەتکردنی هاووڵاتییانمانە و ئەمەش دروشممانە."
بە گوتەی سوودانی "حکوومەتی فیدراڵی پێشوەختە ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکان کردووە و ئێستەش بەردەوامە. خزمەتکردنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش، لەسەر داوای حزب و هێزە سیاسییەکانی عێراق نەبووە، بەڵکوو ئەرکێکی نیشتمانییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی کارکردنماندا کردوومانە. ئێستەش پێمان وایە عێراق پێویستی بە چاکسازیی بوێرانە و گشتگیر هەیە کە سەقامگیریی بەردەوام دەستەبەر بکات و ئاییندە بۆ چەندان ساڵ گەرەنتی بکات."
لەبارەی شەڕی ناوچەکەش، سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد "توانیومان عێراق لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دووربخەینەوە. زیاتر لەمە، ئێستا عێراق بووەتە وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی فاکتەرەکانی سەقامگیری و پابەندە بە هەڵوێستە بنەڕەتییە جێگیرەکانی، بە تایبەت لەبارەی دۆزی گەلی فەڵەستین و ڕەتکردنەوەی کاری دوژمنکارانەی ئیسرائیل لە دژی لوبنان و فەڵەستین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-04-2025، بە بەشداریی ژمارەیەک بەرپرسى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى، نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی دەست پێ کرد و تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 17-04-2025، بەردەوام دەبێت.
تەوەری سەرەکیی دیداری ئەمساڵی سلێمانی "تاوتوێکردنی ئاشتی ناوچەکە"ـەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ "چاتم هاوس"، پەیمانگای ئیتاڵی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، پەیمانگای عیسام فارس لە زانکۆی ئەمەریکیی بەیروت، دامەزراوەی سەدە و گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
بەشێکی بەشداربووانی دیدارەکە، بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاو کراوەتەوە:
1. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق.
2. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
3. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
4. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
5. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
7. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
8. هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
9. عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق.
10. بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەری زانکۆی ئەمەریکیی سلێمانی.
11. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
12. محەممەد ئەلحەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق.
13. لویس روفایل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان.
14. سەعید خەتیپزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران.
15. باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.
دیدارى سلێمانى لە ساڵى 2013ەوە لە زانكۆی ئهمەریكی– سلێمانی بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ، لە ژمارەیەک پانێل و گفتوگۆی تایبەتدا، ئەم پرسانە تاوتوێ بکرێن:
1. بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی.
2. دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
3. شەڕی غەززە و ئۆکرانیا.
4. هەڵبژادنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
5. پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
6. چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا.
7. پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.