سەدا 20ـی کارەکانی پارکە گەورەکەی سێمێل تەواو بوون

به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی چوار ملیار دینار، له ‌ناوه‌ندی قه‌زای سێمێل كار له‌سه‌ر دروستكردنی پاركێكی گشتی ده‌كرێت.

پارکێکی گەورە لە ناوەندی قەزای سێمێل، لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە سەر ڕووبەڕی 10 هەزار مەتری دووجا دروست دەکرێت. ماوەی پرۆژەکە 420 ڕۆژە و گوژمەی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ خەرج کراوە. 

موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری شارەوانیی سێمێل بە بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پارکەکە ڕێژەیەکی زۆری سەوزایی، شوێنی هاتوچۆ، سێ کۆشک، ئاوپرژەیەک بە ڕووبەڕی 400 مەتردووجا و شانۆیەک لەخۆ دەگرێت. لە ناوچەکەدا بایەخەکی زۆر بە سەوزایی دەدەین و ڕۆژانە بە چاندنی ژمارەیەک نەمام، کار بۆ زیادکردنی ڕێژەکەی دەکەین."

لە شاری سێمێل ژمارەیەک باخچە و پارکی گشتیی هەن و تیمی تایبەت بۆ چاودێریکردنیان دانراون و لەم ڕێگەیەوە کار بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی ناوچەکە دەکرێت. 

کاروان ساڵح، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی پارێزگای دهۆک، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "چاودێریی و گرنگیدان بە نەمام و سەوزایی، لە چاندنیان گرنگترە، بۆیە ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی ژمارەیەک تیمی تایبەتمەندەوە، چاودێریی باخچە و پارکەکان دەکەین."

دروستکردنی ئەم پارکە، یەکێک بوو لە داوکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناوچەکە و لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە داواکارییەکەیان جێبەجێ کرا و ئێستا سەدا 20ـی کارەکانی تەواوبوونە. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment