عەبدوڵلا وەرتی: پرۆسەی ئاشتی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و تورکیا

ئەمڕۆ هەینی، 18ـی نیسانی2025، عەبدوڵلا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: شاندەکە سەردانی هەموولایەنە سیاسییەکانیان کردووە، ئامانجیش لە سەردانەیەکەیان ئەوەیە کە وڵاتی تورکیا دەیەوێت لە ناوچەکەدا سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی هەبێت، پرۆسەی ئاشتیش کە لە تورکیا سەریهەڵداوە، ئەگەر سەر بگرێت، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردستان و تورکیا و ناوچەکە بە گشتیی.

دەشڵێت: ئەگەر ئاشتی بەرقەرار بێت هەموو ناوچەکە دەکەونە ژێر سەقامگیری کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکاندایە. سەردانی شاندەکە بۆ لای مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بە دڵنیاییەوە لە ژێر هەمان چوارچێوەدا بوو و دووپاتییان کردەوە پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سووریا، عێراق و ناوچەکە سەربگرێت و چیتر ڕۆلەی خەڵکی نەبێتە قوربانی و بۆ هەتا هەتایە چەکەکان بێدەنگ بکرێن.

عەبدوڵلا وەرتی ڕاشیگەیاند "جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، کە دەیانەوێت ناوچەکە بەگشتیی لە ئاسایش و سەقامگیریدا بێت و هەموو پێکهاتە و ئایینێک لە عێراق و سووریا بەیەکەوە بە برایەتی و ئارامی بژین".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment