جووتیارانی ئاکرێ: پار، بازاڕی تەماتە زۆر باش بوو، بۆیە ئەمساڵ زیاترمان چاندووە
باشیی بازاڕی ساڵی ڕابردووی تەماتە لە هەرێمی کوردستان، وای لە جووتیارانی ئاکرێی کردووە، ئەمساڵ ڕێژەیەکی زیاتری تەماتە بچێنن.
ئەمساڵ، مام بیلال هەرکی و کوڕەکانی لەسەر ڕووبەڕی زیاتر لە حەوت دۆنم زەوی تەماتەیان چاندووە، ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاترە و داوا لە حکوومەت دەکەن لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەیان، هاوردەکردنی تەماتە قەدەغە بکەن.
بیلال هەرکی، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ ڕێژەیەکی زیاتری تەماتەمان چاندووە. ساڵی ڕابردوو، بەرهەم و بازاڕی تەماتە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی زۆر باش بوو. دەمانەوێت ئەمساڵ باشتر بێت، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هاوشێوەی پار، لە 15ـی حوزەیرانەوە، کەو ئەو کات تەماتەی خۆماڵی پێ دەگات، هاوردەکردنی تەماتە لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغە بکرێت، بۆ ئەوەی زیان بە جووتیاران نەگات و بتوانن بەرهەمەکەیان لەنێو بازاڕەکاندا ساخ بکەنەوە."
ساڵی ڕابردوو، لە سنووری قەزای ئاکرێ نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە تەماتە داچێنرابوو، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی قەزاکە، ڕووبەڕووەکە بۆ ئەمساڵ، بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆنم زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت، بەرهەمەکەی بگاتە سەرووی پێنج هەزار تۆن تەماتە.
فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "کەشوهەوا و خاکی ناوچەکەمان بۆ چاندنی تەماتە زۆر گونجاوە، هەروەها جووتیارانیشمان ئەزموونێکی زۆریان لەو بوارەدا پەیدا کردووە، ئەمەش وایکردووە ساڵانە ڕێژەی چاندنی ئەو بەرهەمە لە سنووری قەزای ئاکرێ زیاد بکات."
لە هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی مانگی نیسان تەماتە دەچێنرێت، لە ناوەڕاستی مانگی حوەزیرانیش لێ دەکرێتەوە و یەکێکە لەو بەرهەمانەی خواستێکی زۆری لەسەرە و بە چەندان شێواز سوودی لێ وەردەگیرێت.
بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران، ئامانجێکی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لەو چوارچێوەیەدا، لە ماوەی ڕابردوودا، ژمارەیەک بەرهەمیی خۆماڵی وەکوو برنجی کوردی، سماق، پەتاتە، دۆشاوی تەماتە هەناردەی وڵاتانی جیهان کراون، ئەمەش وایکردووە، جووتیاران زیاتر پەرە بە کارەکەیان بدەن.