ئێستا کاتی کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخە

وەزیری دارایی توندڕەوی ئیسرائیل، بیتسلەئیل سموتریتش پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: ئێستا کاتی کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخ و چڕکردنەوەی هێرشەکانە تاکوو تەواوی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکرێت.
دەنگی ناڕەزایی توند ڕۆژ دوای ڕۆژ دژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نێو ئیسرائیلدا بەرز دەبێتەوە؛ پاش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس پێشنیازی ئیسرائیلی لەبارەی ئازادکردنی دیلەکان و بارمتەکان ڕەت کردەوە، ئەمەش وای کرد خەڵکی ئیسرائیل و خانەوادەی بارمتەکان زۆر توڕە بن.
ئەو ناکۆکییە نوێیەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، دەنگی ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی و خانەوادەی بارمتەکانی بەرز کردەوە و دەڵێن: ناتانیاهۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا پێویست بەوە دەکات تەواوی بارمتەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بەو جەنگە بێت.
نەیارانی ناتانیاهۆش، تۆمەتباری دەکەن بەوەی درێژە بە جەنگی سەر غەززە دەدات لەپێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵات، باجی ئەوەش خەڵکی گەماورۆدراوی غەززە دەیدەن.
لەگەڵ ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئیسرائیل، وەزیرانی ڕاستڕەوی توندەڕەوی ئیسرائیل زوو هاتنە سەر هێل و داوای چڕکردنەوەی جەنگی سەر غەززەیان دا.
وەزیری دارایی توندڕەوی ئیسرائیل، بێزالێل سمۆتریچ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: ئیسرائیل هەرگیز خۆی ڕادەستی حەماس ناکات و جەنگ کۆتایی نایەت تا سەرکەوتنی تەواوەتی. دەشڵێت: ئێستا کاتی کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخ و چڕکردنەوەی هێرشەکانە بۆ ئەوەی دەست بەسەر تەواوی غەززەدا بگرین و پلانی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتووانی غەززە جێبەجێ بکەین.
هاوکات ئیتمار بن جەفیر، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل گوتی: هیچ دەستکەوتێک نییە، جەنگ ناوەستێت، جەنگ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی حەماس دەکەوێتە سەر چۆک.

 
 
Fly Erbil Advertisment