دانیشتووانی دوو گوندی هەولێر داوای زیادکردنی کارەبای نیشتمانی دەکەن
دوو گوندی ناحیەی شەمامک، ڕۆژانە تەنها پێنج بۆ شەش کاتژمێر کارەبایان هەیە. بەرپرسێکی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای هەولێریش دەڵێت: ئاگاداری کێشەکەین و دوو وێستگەی نوێیان بۆ دادەنێین.
چوارشەممە، 19-04-2025، شێرکۆ عەلی، دانیشتووی گوندی ئەسحابە لەکی سنووری ناحیەی شەمامک، لە پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە سنووری ناحییەکەمان 56 گوند هەن، گوندەکەمان و گوندی جەدیدە لەک کە تەنیشت ئێمەیە، ڕۆژانە تەنیا پێنج، بۆ شەش کاتژمێر کارەبای نیشتمانیمان هەیە و مووەلیدەی ئەهلیشمان نییە. لە کاتێکدا، گوندەکانی دەوروبەرمان بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و مووەلیدەی ئەهلی، ڕۆژانە 18 بۆ 20 کاتژمێر کارەبایان هەیە."
ئەو هاووڵاتییەی گوندی ئەسحابە، باسی لەوەش کرد "داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەکەین کێشەکەمان بۆ چارە بکەن، چونکە کارەبامان زۆر خراپە و هەمووشیان ئاگادارن. بەڵێنی زۆرمان پێ دراوە بۆ چارەکردنی کێشەکە، بەڵام بێ ئەنجام بوونە، هەر جارە و بیانووەک دەهێننەوە. ئێستا تا ڕادەیەک کەشوهەوا باشە، بەڵام ئەگەر سبەینێ وەرزی هاوین بێت، ئێمە چی بکەین؟ کەس ناتوانێت لە وەرزی هاوین بەبێ ئامێری فێنککەرەوە بژیت."
لەبارەی چارەکردنی کێشەی کارەبای ئەو دوو گوندە، تاڤگە عومەر کاکەسوور، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/1، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: "لەمێژە ئاگاداری کێشەی کارەبای نیشتمانیی ئەو دوو گوندەین. هۆی سەرەکیی کێشەکە، دانیشتووان خۆیانن، چونکە زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە جووتیارن و کارەبای گشتی بۆ کاری کشتوکاڵی و بیری ئاو بەکار دەهێنن، ئەمەش وایکردووە بارگرانییەکی زۆر بۆ وێستگەکانی کارەبا دروست بێت و بەراورد بە گوندەکانی دیکە، کەمتر کارەبایان هەبێت."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/1، ئاماژەی بەوەش دا "بۆ چارەکردنی کێشەی کارەبای دانیشتووانی ئەو دوو گوندە، بڕیاری دانانی دوو وێستگەی کارەبای (55 MVA)ـیمان داوە، هەموو ئامادەکارییەکیشمان کردووە، تەنانەت شوێنی دانانی وێستگەکانیش دیاری کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستە پارەی کڕینی وێستگەکەکان خەرج نەکراوە. ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ڕەزامەندییان دەڕبریوە، هیوادارین بە زووترین کات پارەکە خەرج بکرێت."