ڕێنوێنیی ئەو کەسانە دەکرێت کە ناویان بۆ حەج دەرچووە
بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، بۆ ماوەی هەفتەیەک خولی ڕێنوینی بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە.
ساڵانە، لە هەرێمی کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، پێش دەستپێکردنی وەرزی حەج، خولی ڕێنمایی و پێدانی زانیاریی لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج بۆ ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ناویان لە تیروپشک دەرچووە. خولەکە، ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکات، بەوپێیەی بەشی زۆریان زانیارییان لە بارەی پرۆسەکە نییە.
پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەج، پێنج هەزار و 190 کەسە. ڕۆژانە نزیکەی 500 کەس کە ناویان بۆ حەج دەرچووە، لە هەردوو کاتی بەیانییان و ئێواران بەشداریی خولەکە دەکەن کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت. جگە لە ڕێنماییکردن، جلی تایبەت بە حەجیش بە بەشداربووان دەدرێت.
هێمن عوسمان، ناوی بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووە و بەشداربوویەکی خولەکەیە، بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "خولەکە سوودێکی زۆری بۆمان هەیە، بەوپێیەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەجمان پێ دەگوترێت و کە چووینە مەککە، دەزانین لە سەرەتا تا کۆتاییەکەی، دەبێت چی بکەین."
شەوکەت فەتاح، بەشداربوویەکی دیکەی خولەکەیە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: من پێشتر چوومەتە عومرە، بەڵام حەج پرۆسەیەکی جیاوازتر و درێژترە. هەموو کەسێک پێویستە بەشداریی ئەم جۆرە خولانە بکات، چونکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە سەرەتای مانگی داهاتوو دەچنە مەککە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ناوی ئەو کەسانەی بۆ حەج دەرچوون، بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشی کردوون. لەم خولەدا، ئەندامی گرووپەکان و سەرقافڵەکان یەکتر دەناسن.
موختار زەڵمی، ڕێنماییکاری ئایینی و سەرپەرشتێکی خولەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕێنماییەکانی خولەکە تایبەتن بە ڕێکاری کارگێریی، تەندروستی و شەرعی. داوا لەو کەسانە دەکەین کە دەچنە حەج، پابەندی ڕێنماییەکان ببن، بۆ ئەوەی حەجێکی دروست بکەن و خوای گەورەش قبووڵی بکات."
بۆ حەجی 2025 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی کردووە و تێچووی حهجی ئەمساڵ بۆ گهشتی ئاسمانی حهوت ملیۆن دیناری عیراقی و بۆ گهشتی وشكانیش پێنج ملیۆن و 500 ههزار دینار دهبێت.