پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی هەستانەوە

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی هەستانەوە، پیرۆزبایی لە کریستیانەکان دەکات و جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و برایەتیی دەکاتەوە.

شەممە 19ـی نیسانی 2025، سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی جەژنی هەستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە، "بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كریستیان لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم."

سەرۆک بارزانی لەم بۆنەیەدا جەخت لە "فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانتی كوردستان" دەکاتەوە. 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، پێكەوەژیان و لێبوردەیی شانازییەكی گەورەی گەلی كوردستانە و دەبێ بپارێزرێت و دەوڵەمەندتر بكرێت. 

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "هیوادارم خوشك و برا كریستیانەكان و سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تر بۆنە و جەژنەكانیان لە ئاشتی و ئاسوودەییدا بكەنەوە. جەژنتان پیرۆز بێ و هیوای شادی و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم. "

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment